بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری هەناردەی 6 مانگەی یەکەمی ساڵی 2024 ی بڵاو کردەوە.
بە پێی ئەو ئامارەش، لە 6 مانگەی یەکەمی ساڵی 2024 بە گشتی 618 ملیۆن و 44 هەزار و 445 بەرمیل نەوت لە عێراقەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.
تێکڕای مانگانەی هەناردەی نەوتی عێراق 103 ملیۆن و 7 هەزار و 407 بەرمیل و رۆژانەش 3 ملیۆن و 433 هەزار خەمڵێندراوە کە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 3.77 بەرزبوونەوەی هەبووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە کە هەناردەی نەوتی خاو لە بەندەری بەسرە و ناوچەکانی ناوەڕاست گەیشتووەتە 611 ملیۆن و 952 هەزار و 117 بەرمیل و لە کێڵگەی گەیارەش 3 ملیۆن و 999 هەزار و 417 بەرمیل بووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە 6 مانگەی یەکەمی ئەمساڵ، 2 ملیۆن و 133 هەزار و 111 بەرمیل نەوت هەناردەی ئەردەن کراوە.
عێراق لە سەدا 65 ی نەوتی خۆی هەناردەی بازاڕەکانی ئاسیا بە تایبەت هیندستان و چین دەکات، لە سەدا 20 ی بۆ ئەورووپا و لە سەدا 15 ی دیکەش هەناردەی ئەمریکا دەکات./.