بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد تا بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە گوشار لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی دابنێن و نەبنە هاوبەشی کۆمەڵکوژی خەڵکی ئەم ناوچەیە.
ناوبراو دەروازەی سنوری ڕەفەحی لە نێوان میسر و فەڵەستین بەسەرکردەوە و وتی: لە چەند سەد مەتری ئێرەدا کە ئێمە ڕاوەستاوین، کۆمەڵکوژییەک ڕوویداوە کە بەرەو جینۆسایدێکی مرۆیی دەڕوات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی کە 2 ملیۆن کەس ئاوارە بوون و زیاتر لە 40 هەزار ژن و منداڵ کوژراون، هیچ دەرمان، ئاو و خۆراکێک بوونی نییە و برایان و خوشکانی فەڵەستینیی ئێمە تووشی برسێتی بوون.
فیدان داوای هەنگاوی بەپەلەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بە غەززە و وتی: من داوا لە مرۆڤایەتی بە گشتی دەکەم، ئەگەر ئێمە ئەم کوشتارە ڕانەگرین هەموومان وەک کۆمەڵگایەک تێیدا بەشدار دەبین، هەر بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین هەر یارمەتییەکی پێویست بکەین و گوشارەکان لە سەر ئیسرائیل چڕبکەینەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا دەبێت بێدەنگی خۆیان بشکێنن، بە پێچەوانەی ئەمەوە بەردەوام لەم کۆمەڵکوژییەی غەززە وەک هاوبەشی سەرەکی دەبن./.