بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆن ساورز بەرپرسی پێشووی هەواڵگری دەرەکی بەریتانیا ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕژێمی زایۆنیستی ناسراو بە گومەزەی ئاسنین بە هۆی هێرشەکانی حزبوڵڵاوە لە ناو دەچێت.
ناوبراو وتی: مێژووی شەڕەکانی ئیسرائیل لە دژی لوبنان پڕە لە شکست. سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل ناتوانێت بەرگەی ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکەکانی حزبوڵڵا بگرێت و ئەمەش پیشان دەدات کە تەل ئەبیب دەتوانێت تووشی زیانێکی گەورە ببێت.
ئەو بەرپرسەی پێشووی بەریتانیا بە ئاماژە بە تیرۆری فۆئاد شوکر لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی حزبوڵڵا و ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، وتی: تیرۆرەکان پیشان دەدەن کە نتانیاهۆ ئاگربەستی غەززەی ناوێت و ڕاگرتنی شەڕ هیچ شوێنێکی لە ستراتیژی ئەودا نابێتەوە.
جۆن ساورز وتی: لە ئەگەری هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ئیسرائیل ئەمریکا ناچار دەکات دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی هەبێت و ئەمەش ناکۆکی ناوخۆیی لە ئەمریکا بە دواوە دەبێت، بە تایبەت لای دیمۆکراتەکان و هەر بۆیە حکومەتەکەی جۆبایدن دەیەوێت ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕ لە لوبنان بکات./.