بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی قەحوم لە چاوپێکەوتنی کەناڵی جزیرە سەبارەت بە تیرۆری شەهید ئیسماعیل هەنیە، وتی: سەید عەبدولمەلک حوسی سەرۆکی ئەنساروڵڵای یەمەن ڕایگەیاندووە کە وەڵامی تاوانی تیرۆری شەهید هەنیە بە دڵنیاییەوە ڕوو دەدات. شەهید هەنیە سەرکردەیەکی فەڵەستینی و سەرۆکی ئەو گەلەیە و هەمووان دەبێت لە بەرامبەر تاوانی تیرۆرکردنیدا وەڵامیان هەبێت، بە تایبەت ئەوەی کە یەمەن هەڵوێستێکی ڕوونی بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی غەززە هەیە و ئەم هەڵوێستە تووشی گۆڕانکاری نابێت.
ناوبراو سەبارەت بە هێرشەکەی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر بەندەری حودەیدەی یەمەن، وتی: دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر بەندەری حودەیدە تاوانێکی تیرۆریستییە و ناوەندێکی ناسەربازیی کردووەتە ئامانج و زیانی بە ژێرخانەکان گەیاندووە، ئەمە هێڵی سوورە و پێشێلکردنی سەروەری یەمەنە و ئەوە دەسەلمێنێت کە شەڕی ئابوری لە دژی گەلی یەمەن، شەڕێکی ئەمریکی، بەریتانی و زایۆنیستییە، هەر بۆیە دەستێک ئەم تاوانەی کردووە، دەبڕدرێت و وەڵامەکەی بە دڵنیاییەوە دەدرێتەوە.
عەلی قەحوم سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن، وتی: هێرشەکانی ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە تا ئێستا زیاتر لە 500 هێرشیان کردووە و ئەمەش بە ئامانجی گوشارخستنە سەر یەمەنە بۆ وازهێنان لە پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین، بەڵام یەمەن لە بەرەی پشتیوانیکردنی فەڵەستین و خۆڕاگرییەکەیدا دەمێنێتەوە و ئەوەش سەلمێندراوە کە یەمەن وڵاتێکی بەهێز، سەربەخۆ و خاوەن ئیرادەیە کە پشت بە توانا و گەلی خۆی دەبەستێت./.