بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 7 ی ئابی 2024 لە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفوونی ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بۆ جێگیربوونی ئاشتی و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان ڕۆڵی سەرەکی هەبووە بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی بە تاوان و تیرۆری بەردەوام لە دژی گەلی فەڵەستین بە تایبەت خەڵکی غەززە و هەروەها تیرۆری شەهید هەنیە وەک میوانی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵی ئاڵۆزکردنی زیاتری ڕەوشی ناوچەکە دەدات و بەداخەوە کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواش لە بری ئیدانەکردنی ئەم تاوانانە، پشتیوانی لەو ڕژێمە دەکەن.
پزیشکیان جەختی لە سەر مافی ڕەوای وەڵامدانەوەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کردەوە و وتی: تا ئەو کاتەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بە پشتیوانی سیاسی، دارایی، سەربازی و میدیایی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئاسوودەیی درێژە بە کۆمەڵکوژی، تاوان و تیرۆر دەدات، ناوچەکە و جیهان ڕووی ئاسایش، ئاشتی و سەقامگیری بە خۆوە نابینێت و ئەگەر ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لە ڕاستیدا هەوڵی ڕێگری لە ئاڵۆزی و شەڕ دەدەن، بۆ سەلماندنی ئەم بانگەشەیە دەبێت دەستبەجێ فرۆشتنی چەک و پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی ڕابگرن و هەوڵی ڕاگرتنی کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی غەززە و قبووڵکردنی ئاگربەست لە لایەن ئەو ڕژێمەوە بدەن./.