بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی باقری لە کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی کۆمیتەی جێبەجێکاری ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە جەدەی سعوودیە، بە ئاماژە بە تیرۆری شەهیدی تێکۆشەر ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران لە لایەن ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستییەوە، وتی: ئەم تاوانە جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند کە بنەڕەت و مانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر تیرۆر، تاوان، دەسدرێژی، پێشێلکردنی ئاشتی، ئاڵۆزی، ناسەقامگیری و شەڕەنگێزی لە ناوچەکەیە.
ناوبراو وتی: ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی نزیکەی دە مانگە ئەوەی تاوان و دڕندەیی بێت لە دژی فەڵەستینییەکان بە تایبەت دانیشتووانی غەززە جێبەجێی کردووە و ئەمەش بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ژمارەیەکی لە وڵاتانی ئەورووپی کراوە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش بە هۆی پشتیوانییەکانی ئەمریکاوە لە بەرامبەر ئەم هەموو تاوان و تیرۆر و کۆمەڵکوژییە هیچ هەنگاوێکیان نەبووە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە وەکالەت، وتی: تیرۆری شەهید ئیسماعیل هەنیە لە تاران، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڕەشەیەکی جیدییە لە سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هەروەها پێشێلکردنی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە.
باقری وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر ئەم تاوانەی ڕژێمی زایۆنیستی، وەڵامدانەوە و بەرگری لە سەروەری خۆی، بە مافێکی ڕەوا دەزانێت./.