بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڵبژاردنی یەحیا سنوار وەک سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، پەیوەندی ستراتیژیی نێوان ئەم بزوتنەوەیە و ئێران بەهێزتر دەکات و پەیامەکەشی، بەرەیەکی یەکگرتوو لە نێوان تاران و لایەنەکانی دیکەی خۆڕاگری لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریکایە.
ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ بەم پێشەکییەوە ڕایگەیاندووە کە پشتیوانی سەرکردەکانی حەماس لە یەحیا سنوار بە واتای ئەوەیە کە حەماس پشتیوانی لە ستراتیژی شەڕژی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ گرووپەکانی دیکە دەکات، هەروەها سنوار پێداگری لە سەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەکات.
ئەو میدیا ئەمریکییە ڕایگەیاندووە کە هەڵبژاردنی یەحیا سنوار پیشاندەری گۆڕانکاری گرنگە لە پەیوەندییەکانی ئەم بزوتنەوەیە و ئێران. سنوار لە کاتێکدا هەڵبژێردراوە کە ناوچەکە ئاڵۆزییەکی زۆر بە خۆوە دەبینێت، پاش تیرۆری هەر یەک لە فۆئاد شوکر فەرماندەی سەربازیی حزبوڵڵا و ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس.
ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندووە کە یەحیا سنوار دە مانگە شەڕی غەززە بەڕێوە دەبات و هەوڵی شەڕێکی ناوچەیی بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەدات.
ڕاشیگەیاندووە کە هەڵبژاردنی یەحیا سنوار هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە و ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان دژوارتر دەکات، بە پێی ئەوەی کە ناوبراو لە لیستی داواکراوەکانی ئەمریکادایە و دیار نییە بزوتنەوەی حەماس و دانوستانەکانی ئاگربەست چۆن بەڕێوە دەبات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆسامە حەمدان ئەندامی باڵای حەماس ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکانی ئاشتی لە سەردەمی نوێی سەرۆکایەتی حەماسدا بەردەوام دەبێت بەڵام کێشەی گەورە لە بەردەم ڕێکەوتندا، کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە./.