سەرحان سەرحان جێگری سکرتێری بزوتنەوەی فەتح پێشوازی لە هەڵبژاردنی یەحیا سنوار کرد و وتی: حەماس بە هەڵبژاردنی یەحیا سنوار بە کۆی دەنگ، ئەوەی سەلماند کە ڕژێمی زایۆنیستی توانای کۆتایی هێنانی بزوتنەوەی فەڵەستینی نییە.
بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیش ڕایگەیاند کە سەرکەوتنی حەماس لە دانوستانە ناوخۆییەکان و پڕکردنەوەی خێرای بۆشایی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی، پەیامێکی بەپەلەیە بۆ دوژمنی زایۆنیستی سەبارەت بەوەی کە حەماس هێشتا بەهێز و یەکگرتووە.
سنوار لەدایکبووی ساڵی 1962 ی غەززە و لە خێزانێکە کە لە ماڵی خۆیان هەڵاتبوون. ئەوان لە گەڵ سەدان هەزار عەرەبی فەڵەستینی دیکە لە شەڕ و پێکدادانی کاتی دامەزراندنی ڕژێمی زایۆنیستی ناچار بە هەڵاتن کران. پێدەچێت کە ئەم ئاوارەییە لە بڕیارەکەی سنوار بۆ پەیوەندیکردن بە بزوتنەوەی حەماس لە دەیەی 1980 کاریگەری هەبووە. سنوار لە لایەن شێخ ئەحمەد یاسین دامەزرێنەری حەماسەوە دامەزرا. ئەو وەک سەرۆکی یەکەی ئەمنی حەماس ناسراو بە مەجد چالاکی دەکرد و ئەرکەکەشی ناسینەوە و سزادانی ئەو کەسانە بوو کە گومانی پێشێلکردنی یاساکانی ئیسلام یان هاوکاریکردنی داگیرکارانی زایۆنیستیان لە سەر بوو، پێگەیەک کە لە ئاکامدا بووە هۆی پێکدادانی زیاتر و بەرەنگاربوونەوەی زیاتری لە گەڵ زایۆنیستەکان.
بە پێی بەڵگەکانی دادگا، سنوار لە ساڵی 1988 بە تۆمەتی ئەوەی کە کوشتنی چوار فەڵەستینیی گومانلێکراو بە هاوکاری ڕژێمی زایۆنیستی ناو دەبرا، دادگایی و پاشان زیندانی کرا. ئەو زیاتر لە 20 ساڵ لە گرتووخانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا مایەوە و لەوێدا فێری زمانی عبری بوو. ئەو لەو سەردەمەدا لە ڕێگای بەکارهێنانی بەرنامەیەکی ئۆنلاینی زانکۆیی، هەواڵەکانی تایبەت بە ڕژێمی زایۆنیستی کۆدەکردەوە. یەحیا سنوار بە نهێنی دەستی بە دەیان هەزار لاپەڕە لە ژیاننامەی سەرۆکانی پێشووی دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی ڕژێمی زایۆنیستی گەیشت کە بە زمانی عبری نووسراوبوون و بە زمانی عەرەبی وەریگێڕانەوە. ئەو بە نهێنی لاپەڕەکانی وەردەگێڕایەوە تا زیندانییەکان بتوانن تەکتیکەکانی دژە تیرۆری ڕژێمی زایۆنیستی فێر ببن. سنوار حەزی لەوە بوو ببێتە شارەزا و پسپۆڕێکی پێکهاتەی جولەکە.
سنوار ساڵی 2011 لە گرتووخانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئازاد بوو. ساڵی 2012 ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێنا و بووە خاوەنی منداڵ. سنوار سەبارەت بە خێزانەکەی هێندە زانیاری بڵاو نەکردووەتەوە بەڵام جارێک ڕایگەیاندووە کە یەکەم وشە کە لە سەر زمانی کوڕەکەم بیستراوە، باوک، دایک و درۆن بووە.
ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە کە یەحیا سنوار درێژەپێدەری شەڕی غەززە دەبێت تا ئەو کاتەی زیانی زیاتر بە ڕژێمی زایۆنیستی لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی بگەێنێت. بەدەر لە خوێندنەوەی ئەمریکییەکان و زایۆنیستەکان، یەحیا سنوار دەتوانێت گیانێکی دیکە بە بزوتنەوەی حەماس ببەخشێت، ئەو بزوتنەوەی کە لە یەک ئۆپەراسیۆندا لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی ڕوبەڕوی گەورەترین شکست کردەوە و پاش دە مانگ لە شەڕی غەززەش هێشتا ڕژێمی زایۆنیستی لەوەدا شکستی هێناوە شوێنی دیلەکانی خۆی لە غەززە بدۆزێتەوە./.