بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خالید قەدومی نوێنەری بزوتنەوەی حەماس لە تاران لە چاوپێکەوتنی تایبەت لە گەڵ کەناڵی العالم، وتی: بزوتنەوەی حەماس ئەوەی سەلماندووە کە دەتوانێت درێژەپێدەری ڕێگای شەهید هەنیە بێت و یەکەم پەیامی هەڵبژاردنی یەحیا سنوار ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین بە ئیرادە و هێزەوە درێژەپێدەری ڕێگای شەهیدەکانمان بین.
قەدومی وتی: دووەم پەیامی هەڵبژاردنی یەحیا سنوار ئەوەیە کە ئێمە تەنانەت لە هەلومەرجی شەڕیشدا دەتوانین هەڵبژاردن بکەین و متمانەی برایانی فەڵەستینیمان هەیە و ئەمەش پیشان دەدات کە بزوتنەوەی حەماس لە سەر پێی خۆیە و خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین و پشتیوانی ئەوان لە خۆڕاگری و میراتی شەهیدان و خوێنی شەهید هەنیە، هەمووی ئەمانە سەرکەوتنی ئێمە دەستەبەر دەکات.
کەسایەتی یەحیا سنوار
نوێنەری بزوتنەوەی حەماس لە تاران وتی: سێهەم پەیام ئەوەیە کە یەحیا سنوار کەسایەتییەکی گرنگی هەیە. ئەو لە یەکەم دامەزرێنەرانی چالاکی سەربازی درووست و لە سەر بنەمایە، سەرەڕای ئەمەش کەسایەتییەکی سیاسییە، ئەو تا کاتێک کە لە گرتووخانەی ڕژێمی زایۆنیستیدا بوو، هەر لەوێوە سەرکردایەتی بەشێکی بزوتنەوەی حەماسی دەکرد و کاتێک کە بە هاوکێشەی وەفا بۆ ئازادیخوازەکان لە ساڵی 2011 ئازاد کرا، شەهید ئیسماعیل هەنیە ئەوی وەک بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لە غەززە دەستنیشان کرد و پاشان خۆی بووە سەرۆک وەزیرانی غەززە. سنوار لە تەنیا سەردانێکیدا بۆ تاران لە گەڵ شەهید هەنیە بوو. لەو کاتەشەوە بووە بەرپرسی دۆسیەی دیلەکان و لە هەر هەلومەرجێکدا بە سەر بارودۆخی سیاسیدا زاڵ بوو.
تیکۆشەرێک بە ناوی یەحیا سنوار
خالید قەدومی وتی: یەحیا سنوار کەسایەتییەکی جیهادی و تێکۆشەرە و پاش بەدەستهێنانی متمانەی براکانی خۆی لە بزوتنەوەی حەماس، بووە سەرۆکی بزوتنەوەکە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە هۆکارێکی یەکگرتوویی نێوان لایەنەکانی خۆڕاگری فەڵەستینە لە غەززە.
سنوار ڕژێمی زایۆنیستی باش دەناسێت
ناوبراو وتی: سنوار ساڵانێک لە گرتووخانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا بووە و ئەمەش وایکردووە کە لە ڕووی سیاسییەوە ئەو ڕژێمە دەناسێت و ئەمەش ڕەنگدانەوەی زۆری لە گۆڕەپانی شەڕی دژ بەو ڕژێمەدا هەبووە، بۆ نموونە، لە 25 ی حوزەیرانی 2006 کەتیبەکانی عێزەدین قەسام لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش و دژوار جێبەجێ بکەن و بووە هۆی دیلگرتنی سەربازێکی زایۆنیست بە ناوی گلعاد شەلیت. ناوبراو پێنج ساڵ دواتر لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئازاد کرا و بە پێی ئەو ڕێکەوتنەش 1027 دیلی فەڵەستینی ئازاد کران.
دیلەکانی فەڵەستین چالاکی سیاسیش دەکەن
نوێنەری بزوتنەوەی حەماس لە تاران وتی: ئەو دیلانەی لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە ئازاد کراون، دواتر بوونەتە سەرکردەی خۆڕاگری و ئەمەش پیشان دەدات کە دیلبوون قوتابخانەیەکە، لە بەر ئەوەی کە دیلەکان بەردەوام سەرقاڵی کاروباری سیاسین. لە کارنامەی یەحیا سنواریش چەندین خاڵی بەرچاوی وەک ئەدەبیاتی ئاشتەوایی فەڵەستین، کاروباری سیاسی لە گرتووخانەکان و بەڵگەنامەی دیلەکان دەبینرێت. هەروەها تێگەیشتنی قووڵی لە سرووشتی ڕژێمی زایۆنیستی و پێداویستی هاونیشتمانیانی خۆی هەیە.
کاردانەوەی زایۆنیستەکان لە بەرامبەر هەڵبژاردنی یەحیا سنوار
خالید قەدومی سەبارەت بە شێوازی کاردانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرامبەر هەڵبژاردنی یەحیا سنوار وەک سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، وتی: نتانیاهۆی تیرۆریست و فاشیست پاش شکستە مەیدانی، سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتی لە ژێر کاریگەری ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا، ئێستا لە بارودۆخێکدایە کە خوێندکارانی زانکۆکانی ئەمریکا بە دەنگێکی بەرز دەڵێن شتێک بە ناوی ئیسرائیل بوونی نییە و فەڵەستین لە ڕووبارەوە تا دەریایە.
کاریگەری تیرۆری شەهید هەنیە
قەدومی سەبارەت بە کاریگەری تیرۆری شەهید ئیسماعیل هەنیە لە سەر پشتیوانی خەڵک و سەرکردەکانی خۆڕاگری، وتی: ئەم زنجیرە تیرۆرانە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر مانەوە و بەهێزبوونی خۆڕاگری هەیە، وەک چۆن شەهیدبوونی شێخ ئەحمەد یاسین و دکتۆر عەبدولعەزیز ڕەنتیسی و سەرکردەکانی دیکە بزوتنەوەی حەماسی گەیاندە ئەم پێگە بەهێزە جەماوەری، سیاسی و سەربازییە./.