بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەڵبژاردنی یەحیا سنوار وەک سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە قۆناغێکی هەستیاردا بوو کە ئەم بزوتنەوە پێویستی بە ساڕێژکردنی زامەکان و دابینکردنی متمانە بە خۆ لە ڕیزەکان و لە نێوان ئەندامان و لایەنگرانیدا هەبوو، بە تایبەت لە پاش ئەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی کە دوژمن لە سەر بوونی ناکۆکی ناوخۆیی لە ڕیزەکانی حەماسدا بڵاوی دەکردەوە و دەستبەجێ لە لایەن سەرکردایەتی حەماسەوە بەدرۆ خرایەوە.
بە بۆچوونی زۆربەی شرۆڤەکارانی کاروباری فەڵەستینی داگیرکراو، سنوار پیاوی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵکوژی سوپای داگیرکاری زایۆنیستییە لە غەززە، بە تایبەت ئەوەی کە ناوبراو بە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیی لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ڕوبەڕوی قەیرانێک کردەوە، هەر بۆیە هەڵبژاردنی ناوبراو لەم قۆناغەدا هەنگاوێکی بوێرانە بووە، لە بەر ئەوەی کە سنوار نەک کەسێکی توندڕەو نییە بەڵکوو کەسێکە لە ڕووی سیاسییەوە پشت بە کردار دەبەستێت.
سنوار بەردەوام هەوڵی مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی بزوتنەوەی حەماسی داوە، ئەڵبەت بە دوور لە بیکردنەوەی سیاسی. هەوڵەکانی ناوبراو بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی میسر و حەماس، سەردانەکەی سنوار بۆ قاهیرە لە ئەیلولی 2017 و سەردانەکانی بۆ دەوحە و ئەنکەرە و سەردانی عەباس کامیل سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میسر بۆ غەززە لە ئایاری 2021 و کۆبوونەوەی لە گەڵ سنوار سەبارەت بە ئاگربەست، ئاوەدانکردنەوە و ئازادکردنی دیلەکان بەڵگەی ڕوونی ئەم وتەیەن.
سنوار پاشان لە ساڵی 2018 پەیوەندییەکانی ئێران و حەماسی باشتر کرد کە بە هۆی ئاڵۆزییەکانی سوریاوە تا ڕادەیەک تووشی کێشە بوو.
ناوبراو هەروەها هەڵوێستێکی گونجاوی سەبارەت بە زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی حەماس و فەتح و تەنانەت لە گەڵ محەممەد دەحلان یەکێک لە سەرکردە جیاوەبووەکانی فەتح هەبوو کە ماوەیەکی زۆر لە گەڵ حەماس کێشەی هەبوو، بابەتێک کە پیشاندەری تێڕوانینی ئاشتیخوازانەی ناوبراوە لە گەڵ سەرجەم گرووپ و لایەنەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین.
سنوار هەروەها بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن دژی دانوستانی ئازادکردنی دیلەکانە، هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەدات و ئەوە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستییە کە بەردەوام هەوڵی شکستهێنانی دانوستانەکان دەدات.
هەر بۆیە یەحیا سنوار توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی بزوتنەوەی حەماسی هەیە و ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر کارنامەی سیاسی ئەم بزوتنەوەیە لە داهاتوودا دەبێت./.