بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە نامەیەکدا ناوی ئەندامانی کابینەکەی بە مەبەستی بەدەستهێنانی متمانە ڕەوانەی پەرلەمان کردووە.
وەزیری پێشنیارکراوی ئابوری لە کابینەکەی مەسعود پزیشکیان، کەسێکە بە ناوی عەبدولناسر همەتی.
ناوبراو تەمەنی 67 ساڵە و لەدایکبووی پارێزگای هەمەدانە و کەسایەتییەکی ناسراوی ئێرانە. لە هەڵبژاردنەکانی خولی سێزدەیەمی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران کاندید بوو بەڵام شکستی هێنا و تەنیا نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار دەنگی بە دەست هێنا.
همەتی لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانیدا سەرۆکی بانکی ناوەندی بووە. ئەگەرچی بە کەسێکی ئابوری دەناسرێت بەڵام لە ساڵی 1980 و بۆ ماوەی 9 ساڵ بەڕێوەبەری بەشی هەواڵ لە ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگی ئێران بووە، دواتریش بۆ ماوەی 5 ساڵ جێگری بەشی سیاسی لەو ڕێکخراوە بووە.
لە سەردەمی سەرۆکایەتی هاشمی ڕەفسەنجانیدا سەرۆکایەتی بیمەی ناوەندی ئێرانی لە ئەستۆ بووە.
هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرای ئابورییە و لە بوارەکانی بیمە و بانکیدا چالاکییەکی زۆری هەبووە./.