بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاکان فیدان ڕایگەیاند: تورکیا کار لە سەر کات و چۆنیەتی کۆبوونەوە لە گەڵ حکومەتی سوریا لە بەرزترین ئاستدا دەکات بەڵام لە ئێستادا هیچ خشتەیەکی کاتی نییە و تەنیا ڕاگەیاندنی ئیرادەیە بۆ کۆبوونەوە. ئەوەی کە لە پەیوەندییەکان لە گەڵ لایەنی بەرامبەر دەبینرێت، ئامادەیی سوریایە بۆ دانوستان و هیچ پێش مەرجێک باس نەکراوە. کاتێک دەوترێت دەبێت پاشەکشە بە هێزەکانی تورکیا بکرێت، منیش دەڵێم بەم بۆنەوە دەبێت دانوستان بکرێت. ئەگەر بڕیار بێت ئێوە پێش مەرجی ئێمە جێبەجێ بکەن و ئێمەش پێش مەرجی ئێوە جێبەجێ بکەین، بۆ دەبێت پێویستمان بە دانوستان بێت؟ دانوستان بۆ ئەمانە دەکرێت. ئێوە پەنابەرەکانی خۆتان وەربگرنەوە، تیرۆریستان لە خاکی خۆتان لە ناو ببەن، ئێمەش پاشەکشە بە هێزەکانمان دەکەین. ئێمە دەمانەوێت سەرەتا ئەو نیشانانە ببینین کە دیمەشق میکانیزمێکی کارگێڕیی دەبێت تا ڕێگری لە ناردنی دووبارەی پەنابەران بۆ تورکیا بکات و هەڕەشەی ئەمنیشی لێناکەوێتەوە. ئەگەر باس لە پێش مەرج بکرێت، ئێمە پێش مەرجی زیاترمان هەیە. هێشتا شوێنی کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمارانی هەر دوو وڵات دیارینەکراوە. ڕووسیا دەڵێت دەبێت ئێرانیش لە سەر مێزی دانوستان بێت. ئێمە پێشتر ئەم کارەمان کردووە. بەڵام کاری لەپێشینەمان دانوستانە، نەک ئەوەی کەسێک نێوەندگێڕی دانوستانەکان بێت.
فیدان وتی: ئاشتی لە گەڵ نەیارانی ئەسەد کێشەی ئەوانە. ئێمە دەتوانین هاندەریان بین بەڵام ناچار بەوە ناکرێن. ئێمە ناتوانین نەیارانی ئەسەد لە بەرچاو نەگرین، شتی وەها ڕوو نادات. ئەوەی لە دیمەشقمان دەوێت، ڕەچاوکردنی نەیاران و کێشەکان و دەسپێکردنی دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانە. ئێمە لە گەڵ ئێران پەیوەندییەکی مێژووییمان هەیە، مێژووی ئەم دواییە ئەمەشی پیشان داوە. بە گۆڕینی حکومەتەکان شتێک لە پەیوەندییەکان ناگۆڕدرێت. پەیوەندی بازرگانی نێوانمان ڕوونە، ئاسایشی سنورەکان جێگیرە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: ڕێگری لە ئاڵۆزتربوونی ڕەوشی لوبنان گرنگە. ئیسماعیل هەنیە ژیانی خۆیی لە پێناو ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین و بەدیهاتنی ئاشتی و ئارامی بۆ فەڵەستین بەخت کرد. ئێمە هەوڵەمانی ئەومان بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە بینیوە. ئەو تەنانەت کاتێک چەندین ئەندامی خێزانەکەیی لە ئاکامی بۆردومانێکی ئیسرائیل لە دەستدا، بڕوای بە ئاشتی لە دەست نەدا. هەنیە کەسایەتییەک بوو کە بووە نموونەی خۆڕاگریی بەشکۆی فەڵەستینییەکان.
پرسی فەڵەستین بە دەستپێکردنی شەڕی زریانی ئەقسا بووە بابەتێکی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا. فیدان ڕایگەیاند: ئیسرائیل لە پرسی ئاگربەستدا هیچ تێچوویەک نادات بەڵام ئەمریکا و ئەورووپا ناچار بە پێدانی ئەو تێچووەی دەکەن. تا کاتێک وڵاتانی زلهێزی جیهان سزای ئیسرائیل نەدەن بەم شێوەیە بێ کۆنترۆڵ دەچێتە پێشەوە. چەند وڵاتێک پێدانی چەکیان سنوردار کرد بەڵام ئیسرائیلی ڕوبەڕوی زیانێکی قورس نەکردەوە. زیانە مرۆییەکان چ تێچوویەکی قورسی بۆ مرۆڤایەتی دەبێت؟ بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی وەها ڕووداوێک، چارەسەری دوو دەوڵەتی بە گونجاو دەزانین. هەر شەڕێکی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، دەبێتە هۆی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا. ئەمریکییەکان پێش هەڵبژاردنەکان ئەمەیان ناوێت، بەڵام پێش هەڵبژاردمەکان بۆ سنوردارکردنی ئیسرائیل هیچ هەنگاوێکیان نابێت. هیچ گوشارێک لە سەر ئیسرائیل بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست بوونی نییە.
فیدان سەبارەت بە سزادانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە وتی: بۆ پەیوەندیکردن بە دۆسیەی سکاڵاکەی ئەفریقای باشور لە دژی ئیسرائیل لە دیوانی دادی نێودەوڵەتی گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی. تورکیا بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا دەقێکی ناردووەتە دیوانی دادی نێودەوڵەتی. ئێمە پشتیوانی لە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین دەکەین و لە سەرجەم ئامرازە دیپلۆماسی و یاساییەکان کەڵک وەردەگرین. گرنگ ئەوەیە کە لە دیوانی دادی نێودەوڵەتیدا گوشارێک هەبێت تا ڕێگای دەربازبوون بۆ ئیسرائیل نەبێت. تورکیا لە وەها هەلومەرجێکدا هەوڵ دەدات تا وڵاتانی جیهان بە تایبەت ڕووسیا، چین، برازیل و ئەفریقای باشور بە شێوازی دیپلۆماتیک لە دژی تەل ئەبیب هان بدات./.