بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان ئەمڕۆ دووشەممە 12 ی ئاب لە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفوونیی کاردیناڵ پیترۆ پارۆلین سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان، وێڕای دەستخۆشی لە هەڵوێستی ڤاتیکان لە پشتیوانیکردنی جێگیربوونی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە جیهان، داوای چالاکتربوونی ڕۆڵی ئەو وڵاتەی کرد لە پێناو ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و هاوکاریکردنی خەڵکی بێ تاوانی غەززە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵکوژی و کوشتاری ژنان و منداڵانی زوڵملێکراوی غەززە، تیرۆری ترسنۆکانە لە وڵاتانی ناوچەکە و هێرشی سەر نەخۆشخانەکان، خوێندنگەکان و شوێنی مانەوەی ئاوارەکانی غەززەی بە بەشێک لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ناو برد و وتی: بەداخەوە سەرەڕای تێپەڕبوونی دە مانگ بە سەر شەڕی غەززەدا نەک تەنیا چاوەڕوانییەکانی گەلان بۆ ڕاگرتنی تاوان و مرۆڤکوژیی زایۆنیستەکان لە غەززە بێ وەڵام ماوەتەوە، بەڵکوو ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی بە پشتیوانییەکانیان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بە بێهەڵوێستی خۆیان، بوونەتە هاندەری ئەم ڕژێمە بۆ تاوانی زیاتر و کۆمەڵکوژی.
پزیشکیان جەختی لە سەر هەڵوێستی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕێگری لە شەڕ و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاشتی و سەقامگیری جیهان کردەوە و بە ئاماژە بە تیرۆری شەهید هەنیە لە تاران، وتی: بە پێی سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەکان، مافی بەرگری و وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتەی کە دەسدرێژی کراوەتە سەر، پارێزراوە./.