بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بەیاننامەی هاوبەشی سێ وڵاتی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، وتی: بەیاننامەی سەرکردەی سێ وڵاتی ئەورووپی لە کاتێکدا بڵاو بووەتەوە کە بە هۆی کەمتەرخەمی و بێ هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا و پشتیوانی ڕژێمی زایۆنیستی، کوشتار و کۆمەڵکوژی دانیشتووانی غەززە لە لایەن ئەو ڕژێمەوە بەردەوامە.
ناوبراو وتی: بە هۆی پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و لاوازیی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، تاوان و کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە زیاتر بووە و ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا هیچ هەنگاوێکیان بۆ ڕێگری یان ڕوبەڕوبونەوەی ئەم تاوانانە نەبووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: وڵاتانی ئەورووپی بە بێ هیچ ناڕەزایەتی و کاردانەوەیەک لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، داوای ئەوە لە تاران دەکەن هیچ کاردانەوەیەکی لە بەرامبەر دەسدرێژییەکەی ئەو ڕژێمە و تاوانی تیرۆری شەهید هەنیە نەبێت.
ڕاشیگەیاند کە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێت بە کردەوە لە دژی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بن و ڕێگری لە بەردەوامی شەڕی غەززە و کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان بکەن./.