بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لە سەر زاری سەرچاوەکانی نزیک لە بزوتنەوەی حەماسەوە، نووسیویەتی، یەحیا سنوار، وەکوو داڕێژەری ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا، لەم ڕۆژانەدا لە ناو تونێلەکانەوە شەڕ دەکات و جگە لە چەند کەسێکی متمانەپێکراو، کەس نازانێت لە کوێیە.
ئەو سەرچاوانە هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە کەسانی متمانەپێکراو پەیوەندی نێوان ئەو و فەرماندە مەیدانییەکانی دیکەن لە حاڵەتی پێویست و لە ڕێگای زۆر نهێنیدا، هەروەها هیچ کەسێک لە حەماس، چ لە ناوخۆی فەڵەستین بێت یان ئەوانەی لە دەرەوەن، لە شوێنی یەحیا سنوار نازانن.
شەرقولئەوسەت لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای بزوتنەوەی حەماسەوە نووسیویەتی، دوای جێبەجێکردنی هەندێک مەرجی ئەمنی، یەحیا سنوار دەتوانێت پەیوەندی تەلەفونی بکات، هەرچەندە پەیوەندی تەلەفونی پێویستی بە ئامادەکارییەکی زۆر لە ڕووی کاتەوە هەیە، بەڵام دواجار ئەو ئامادەکارییانە ئەنجامدراون.
ئەو سەرچاوەیەی حەماس زیادی کرد: یەحیا سنوار لە زۆر ناوچەدا ئامادەیە و هەموو هەفتەیەک و هەندێک جار مانگانە جارێک ڕێنمایی دەگەێنێتە بەرپرسانی بزووتنەوەکە.
بە وتەی ناوبراو ئەم ڕێنماییانە لە سەر کاغەز نووسراون و واژۆی سنواریان لە سەرە، بەڵام کەس نازانێت چۆن دەستاودەست دەبن و پێدەچێت ڕێنماییەکان بە دەستی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بە نهێنی تەواو بگوازرێنەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، پێدەچێت محەممەد سنوار، برای یەحیا سنوار و یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی کەتائیبی عێزەدین قەسام، حەشارگە و جموجۆڵەکانی بەڕێوەدەبات. هەروەها محەممەد سنوار لە لایەن ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستییەوە داواکراوە و بە یەکێک لە پلانداڕێژەرە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا دادەنرێت.
ئەندامێکی حەماس لە دەرەوەی فەڵەستین هەروەها بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە جگە لە پەیوەندییە زۆر کەمەکان، یەحیا سنوار دوو پەیامی نووسراو و یەک پەیامی دەنگیی بۆ ناوبژیوانان سەبارەت بە دانوستانەکان ناردووە.
باسی لەوەشکرد، سنوار بە تەواوی ئاگاداری پرۆسەی دانوستانە و پێش ئەوەی هەر دەستپێشخەرییەک بخاتەڕوو، بە وردی لێی دەکۆڵێتەوە. ئەو بەرپرسەی حەماس باسی ڕایگەیاندووە کە یەحیا سنوار پێی باشترە لە دانوستانەکاندا ئامادە بێت، چونکە شێوازی بیرکردنەوەی ئیسرائیلییەکان بە باشی دەزانێت.
ڕاشیگەیاندووە کە بە پێچەوانەی ئەو پرسانەی کە لە لایەن زۆر کەسەوە دەوروژێنرێن و بەرەوپێش دەبرێنن، یەحیا سنوار چەندین جار پشتگیری لە نەرمی نواندن لە زۆر قۆناغی دانوستانەکاندا کردووە و ئەم هەڵوێستە تەنانەت نێوەندگێڕەکانیشی تووشی سەرسوڕمان کردووە. ئەو بە دانوستانکارێکی توند ناسراوە کە لە دانوستانەکاندا دەیەوێت بگاتە ئەو مەرجانەی کە کۆدەنگی فەڵەستینییەکانی لە سەرە. لە هەمان کاتدا دەیەوێت کوشتن و خوێنڕشتنەکە ڕابگرێت و دەیەوێت ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت.
لە سەرەتای شەڕی غەززەوە تا ئێستا هیچ وێنە و ڤیدیۆیەکی یەحیا سنوار بڵاو نەکراوەتەوە؛ تەنیا جارێک سوپای زایۆنیست لە ناو یەکێک لە تونێلەکانەوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوەیکرد کە ئەو کەسەی لە فیلمەکەدا دیارە سنوارە. هەروەها هێزە داگیرکارەکان چەندین جار بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە توانیویانە لە بوونی ئەو نزیک ببنەوە، بەڵام هەر جارێک بە دەستی بەتاڵ گەڕاونەتەوە./.