بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەرواری 8 ی ئابی 2024 بە ناونیشانی ” هەڕەشە لە دژی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بە هۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە ” ئێران لە نامەیەکدا بۆ ئەو ئەنجومەنە، ناڕەزایەتی خۆیی ڕاگەیاندووە.
لە نامەکەی ئێراندا هاتووە:
” لە کۆبوونەوەی ئاماژەپێکراودا، نوێنەری ئەمریکا لە وەڵامی لێدوانی نوێنەری ڕووسیا و بە لادان لە خشتەی کاری کۆبوونەوەکە، چەندین تۆمەتی بێ بنەما و ناڕاستی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە پشتیوانیکردنی تیرۆریزم لە ناوچەکە باس کرد.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە و هەڵسووکەوتی نابەرپرسانەی نوێنەری ئەمریکا ئیدانە و ڕەتدەکاتەوە. ئاشکرایە کە ئەمریکا (نەک کۆماری ئیسلامی ئێران) پشتیوان و پەرەپێدەری سەرەکی تیرۆریزمە لە ناوچەکە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
شەرمەزارییەکی گەورەیە کە ئەمریکا لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکات کە خۆی هاوکات وەک لایەنگری یەکەم و هەمیشەیی ڕژێمی زایۆنیستی، پشتیوانی لە کۆمەڵکوژیی ئەو ڕژێمە دەکات و ڕێژەیەکی زۆر چەکی ڕادەستی زایۆنیستەکان کردووە تا بە بەردەوامی تیرۆر و کوشتاری خەڵکی بێ تاوانی فەڵەستین، بە تایبەت منداڵان و ژنان، خوێنڕشتن و ترس و دڵەڕاوکێ لە کەرتی غەززە درێژە پێبدات.
دوایین تاوانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی مەدەنی لە خوێندنگەی تابعینی ناوەڕاستی شاری غەززە لە بەرواری 10 ی ئابی 2024 ڕوویدا کە بووە هۆی لانیکەم شەهیدبوونی 100 کەس لە خەڵکی بێ تاوانی فەڵەستین بە تایبەت ژنان و منداڵان. ئەمەش ئەنجامی پشتیوانی هەمەلایەنەی ئەمریکایە.
بەدەر لەمەش پشتیوانی ئەمریکا لە گرووپە تیرۆریستییەکانی لیستکراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک بەرەی نوسرە لە ناوچە داگیرکراوەکانی خۆی لە کۆماری عەرەبی سوریا، پێشێلکردنی ئاشکرای جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی نێودەوڵەتی و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و بەڵگەیەکی ڕوونی دیکەیە لە سەر ئەوەی کە ئەمریکا پشتیوانی سەرەکی تیرۆریزمە لە ناوچەکە.
بەم پێشینە تاریکەوە، ئەمریکا هیچ پێگەیەکی نییە بۆ ئەوەی ئەندامانی دیکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمەتبار بکات “./.