بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود مەرداوی لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاند کە زایۆنیستەکان بە هۆی ئەو هەموو تاوان و دڕندەییەی دە مانگی ڕابردووی شەڕی غەززە لە ژێر گوشارێکی ناوخۆیی و دەرەکیدان بەڵام فەڵەستینییەکان دەیان ساڵە ڕوبەڕوی دۆخێکی وەها بوونەتەوە و سەرەڕای ئەمەش گیانفیدایی و خۆڕاگری لە نێوان ئەم گەلەدا گەیشتووەتە لوتکە، ئەگەرچی خەم و ئازاری خەڵک زیاتر بووە بەڵام ئەمە ڕێگای گەلە و ڕژێمی داگیرکار باجێکی قورسی بە بۆنەی ئەم هەڵوێستەی گەلی فەڵەستینەوە داوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە سوپای داگیرکار، دامەزراوە ئەمنییەکان، حیزب و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، هەمووان داوای کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە دەکەن و تەنیا بنیامین نتانیاهۆیە کە پێداگری لە سەر بەردەوامی شەڕ دەکات و سەرجەم هەوڵ و گوشارەکانی ڕاگرتنی شەڕ لە بەرچاو ناگرێت.
مەرداوی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمە دوایین گەڕی دانوستانەکانی ئاگربەست پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەبێت یان نە؟ ڕایگەیاند کە ئەو بۆچوونانە درووست نییە و ئەمە دوایین گەڕی دانوستانەکانی غەززە نییە.
دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە ئەمڕۆ پێنج شەممە 15 ی ئاب لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوە دەچێت./.