بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هێرشەکەی ئۆکراینا بە بۆچوونی سەرجەم شارەزایانی کاروباری سیاسی و سەربازی، لە توانای سوپای ئەو وڵاتەدا نەبووە و تەنیا لە ڕێگای هاوکارییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوی ناتۆوە مسۆگەر بووە. لانیکەم چەک و کەرەسەتە سەربازییە بەکارهێنراوەکان ئەم خوێندنەوەیە بەهێزتر دەکات.
پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئۆکراینا بابەتێکی شاراوە نییە و ئەم پشتیوانییە لە هەمان ڕۆژانی سەرەتایی شەڕی نێوان ئەو وڵاتە و ڕووسیاوە هەبووە بەڵام بەردەوام هێڵێکی سوور هەبووە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵیان داوە لەو هێڵەوە تێپەڕ نەبن تا دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت. بەم هۆیەوە بوونی هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لە بەرەکانی شەڕ هیچ کات بە شێوازی فەرمی پشتڕاست نەکرایەوە و تا بە ئەمڕۆش موڵەتی بەکارهێنانی مووشەکە دوورهاوێژەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ بەئامانجگرتنی ناوخۆی ڕووسیا بە ئۆکراینا نەدراوە.
بەڵام پێدەچێت دۆخی شەڕەکە بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات و ئەو هێڵە سوورەی کە هەبووە، بە چەندین هۆکار بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەورووپی هەڵوێستی توندیان لە دژی ڕووسیا هەبووە.
ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆ بەشداری لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینادا بکەن، بەدەر لە ئەنجامەکەی، دەتوانێت دوو هۆکاری هەبێت، یان ئەمریکا و ڕۆژئاوا وا دەزانن ڕووسیا لاواز بووە و لە ڕێگای چەند هەنگاوێکی وەک داگیرکردنی بەشێک لە خاکەکەی دەتوانن پوتین بهێننە سەر مێزی دانوستانەوە، یان دەیانەوێت ناوبراو لە ئاکام و لێکەوتەکانی پشتیوانی و پڕچەککردن و هاوئاهەنگی لە گەڵ بەرەی خۆڕاگری لە ڕۆژئاوای ئاسیا ئاگادار بکەنەوە.
ئەڵبەت بە دوور دادەنرێت داگیرکردنی بەشێکی بچووکی خاکی ڕووسیا، ئەویش لە کاتێکدا کە سوپای ئەو وڵاتە لە قووڵایی خاکی ئۆکراینا بەرەو پێشڕەوی زیاتر دەڕوات، پیشاندەری لاوازبوونی سەربازیی ڕووسیا بێت، ئەگەرچی لاوازبوونی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕووسیا ناتوانین لە بەرچاو نەگرین. بەڵام سەبارەت بە هاوئاهەنگی ڕووسیا لە گەڵ ئێران و بەرەی خۆڕاگری، مەترسی لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی دادەنێت و توانا سەربازییەکانی ئەمریکاش لە ڕۆژئاوای ئاسیا ڕوبەڕوی کێشە دەکاتەوە.
هێشتا دیار نییە کە کاردانەوەی ڕووسیا لە بەرامبەر داگیرکردنی چەندین بەشی ناوچەی کۆرسک چۆن دەبێت، بەڵام ئەستەمە ڕووسیا موڵەتی پێشڕەوی بە هێزەکانی ئۆکراینا بدات، ئەگەری ئەوەش هەیە کە سوپاکەی زیلینسکی سەرەڕای پشتیوانییەکانی ناتۆ ناچار بە کشانەوە ببێت، بە پێچەوانەی ئەمەش ڕووسیا ناچار دەبێت ڕاستەوخۆ ڕوبەڕوی وڵاتانی ڕۆژئاوای لایەنگری ئۆکراینا لەو ناوچەیە ببێتەوە کە هەر دوو لا هەوڵ دەدەن ئەمە ڕوو نەدات، لە بەر ئەوەی کە دەتوانێت هەڵگیرسانی شەڕی جیهانیی بە دواوە بێت.
سیاسەتی ئەمریکاش تا ئێستا شەڕی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ڕووسیا نەبووە و هەوڵیداوە بە هاوکاری دارایی و سەربازیی ئۆکراینا، مۆسکۆ لاواز بکات و گوشارەکانی سەری زیاتر بکات. بە دڵنیاییەوە کە بۆ ڕووسیاش باشترین بژاردە، هاوکاری سەربازی بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا دەبێت.
دەبێت چاوەڕوان بین و بزانین کە ئاکامی ئەم کێبڕکێ سیاسی و سەربازییە ئاڵۆز و هەستیارە بە کوێ دەگات./.