بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کودەتای 28 ی گەلاوێژی ساڵی 1332 ی کۆچی هەتاوی (19 ی ئابی 1953) یەکەم دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و بەرچاوی ئەمریکا لە ئێران هەژمار دەکرێت. تا پێش بەنیشتمانیکردنی پیشەسازی نەوت، ئەمریکا پێگەیەکی ئەوتۆی لە ئێراندا نەبوو و بەریتانییەکان وەک وڵاتێکی چەوسێنەری جیهان، لە ئێرانیشدا دەستڕۆیشتوو بوون و دەستێوەردانیان لە کاروباری ناوخۆییدا هەبوو. ئەمریکییەکان لەو قۆناغەدا هەوڵی ئەوەیان دەدا بەریتانییەکان لە ئێران دووربخەنەوە و خۆیان بکەنە جێگرەوەی ئەو وڵاتە.
ئەگەرچی بەریتانییەکان داڕێژەری سەرەکی کودەتا بوون، بەڵام ئەمریکییەکان ڕۆڵی کاریگەریان لە جێبەجێکردنیدا هەبوو و ڕەنگە ئەگەر هاوکاری ئەمریکا نەدەبوو، سەرکەوتنی کودەتاکەی 28 ی گەلاوێژ مسۆگەر نەدەکرا.
بەشێک لە شارەزایانی سیاسی پێیان وایە کە کودەتاکەی 28 ی گەلاوێژ ڕووداوێکە لە جۆری دەستێوەردانی ئاشکرای دوو وڵاتی دەرەکی بۆ ڕووخاندنی حکومەتێکی نیشتمانی، ئەم ڕووداوەش لە پاش بەنیشتمانیکردنی پیشەسازی نەوتی ئێران ڕوویدا. یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت بوو و لەم ڕووەوە هەوڵیدەدا ڕێگری لە سەربەخۆبوونی وڵاتانی خاوەن نەوت بکات.
سیاسەتە دژە ئێرانییەکەی ئەمریکا لە هەمان سەردەمەوە بۆ زاڵبوون بە سەر ناوچە خاوەن نەوتەکاندا بەردەوام بووە و لەم ماوەی ئەم ساڵانەشدا بە شێوازی جۆربەجۆر هەوڵیداوە لە کاروباری وڵاتاندا دەستێوەردانی هەبێت.
ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ئەوەی کە لە نەوتی ئێراندا پشکیان هەبێت، ئەوەی هەڕەشە و گەمارۆ و سزادانێک بێت جێبەجێیان کرد تا ئێران ناچار بە سازشت ببێت و بە مسۆگەرنەبوونی ئەو ئامانجە، بەستێنی جێبەجێکردنی کودەتای 28 ی گەلاوێژیان بۆ ڕووخانی حکومەتی نیشتمانیی ئەو کاتەی ئێران دابین کرد.
محەممەد سادق کوشکی شارەزای کاروباری سیاسی لە شرۆڤەی هۆکارەکانی کودەتای 28 ی گەلاوێژی ساڵی 1332 ی کۆچی هەتاوی، ڕایگەیاند: لە دەیەی 60 ی زایینی، ئەمریکییەکان هەوڵیان دەدا ببنە جێگرەوەی بەریتانییەکان. لە نیوەی یەکەمی سەدەی 19 و نیوەی یەکەمی سەدەی 20 بەریتانییەکان لە ڕیزی زلهێزەکانی یەکەمی جیهاندا بوون.
ناوبراو وتی: پاش شەڕی دووەمی جیهانی گۆڕانکارییەکی بەرچاو ڕوویدا و ئەمریکا بووە جێگرەوەی بەریتانیا و دەستێوەردانی ئاشکرا و بەرچاوی ئەو وڵاتە لە ناوچە جیاجیا و هەستیارەکانی جیهاندا بە ڕوونی بینرا.
کوشکی بە ئاماژە بە ڕۆڵی کەنداوی فارس لە ئابوری و سیاسەتی جیهاندا وتی: ئەمریکییەکان لە سەرەتاوە هەوڵیان دەدا بتوانن بە سەر ئەم ناوچەیەدا زاڵ بن و بەم هۆیەوە کەنداوی فارس و ئێران بۆیان گرنگ بوو. لە 28 ی گەلاوێژی ساڵی 1332 خاڵی دەستپێکی دەستێوەردانی ئەمریکییەکان بینرا.
ناوبراو وتی: ئەمریکا ناتوانێت زیانێکی ئەوتۆ بە ئێرانی ئێستا بگەێنێت و لاوازی بکات، بەم هۆیەوە هەوڵ دەدات تا لە ڕێگای هەژمون و زاڵبوونی کەلتوری و کاریگەری لە سەر چینی گەنج، هەلومەرجی لاوازبوونی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی ئێران بخوڵقێنێت و سەر لە نوێ بتوانێت بە سەر ئێمەدا زاڵ ببێت./.