بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیس خزعەلی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا جەختیکردەوە کە خۆڕاگریی سەربازی لە گەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە پێویست دادەنرێت.
ناوبراو وتی: بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بڕوای بە دوو ستراتیژ هەیە، یەکەم، بونیاتنانی وڵات کە بەشداری ئێمە لە پاش ساڵی 2021 ئاشکرا و ڕوون بووە و پەیامێکی زۆر باشی لە ئاستی پێکهێنانی حکومەت، هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران. وەزیری خوێندنی باڵا و پارێزگاری بابل هەبووە و ستراتیژی دووەم، پێویستی بوونی خۆڕاگرییە، بەڵام ئەو خۆڕاگرییەی کە لە پێناو لاوازکردنی حکومەت و وڵات نەبێت.
خزعەلی لە درێژەدا وتی: من بە هۆی ئەزموونەکانمەوە ناتوانم قبووڵ بکەم کە هێزی سەربازی نایاسایی و پێچەوانەی دەستووری عێراق لە وڵاتدا هەبێت، ئەگەر چالاکییە سەربازییەکانی خۆڕاگری نەبێت ئەمریکییەکان بە دانوستان ناکشێنەوە.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق وتی: بوونی خۆڕاگری بۆ ناچارکردنی هێزەکانی ئەمریکا بە کشانەوە لە عێراق و مسۆگەربوونی تەواوی سەروەری و دەسەڵاتی وڵات، بابەتێکی زۆر پێویستە. چالاکییەکانی خۆڕاگری لە ساڵانی 2003 و 2004 دەستیپێکرد و ئەمریکییەکان جاری یەکەم ساڵی 2011 لە عێراق کشانەوە و لەو قۆناغەدا نوری مالیکی دوو خول سەرۆک وەزیران بوو و چالاکییەکانی خۆڕاگری نەبووە هۆی هیچ کێشەیەک بۆ ناوبراو.
قەیس خزعەلی سەبارەت بە تاوانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی و تیرۆرکردنی شەهید ئیسماعیل هەنیە، وتی: دڵنیام کە کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامێکی فەرمی و ڕوونی دەبێت، حزبوڵڵاش وەڵامی تیرۆری شەهید فۆئاد شوکر دەداتەوە، ئەنساروڵڵای یەمەن لە بەرامبەر دەسدرێژییەکەی سەر ئەو وڵاتە کاردانەوەی دەبێت، ئێمەش لە خۆڕاگری عێراق بەردەوام یارمەتیدەری غەززە دەبین، ئەوەی کە لە ئێستادا براوەی شەڕەکەیە، بەرەی خۆڕاگرییە.
ناوبراو وتی: بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی سێ ئامانجی دیاری کرد، لەناوبردنی حەماس، گەڕاندنەوەی دیلەکان بە هێزی سەربازی و کۆتایی هێنان بە هەڕەشەی داهاتووی غەززە لە سەر ئەو ڕژێمە کە هیچ یەک لە ئامانجەکانی مسۆگەر نەبووە. ئەمەش پیشان دەدات ئەوەی کە ڕێگری لە مسۆگەرکردنی ئەم ئامانجانە کردووە، براوەی گۆڕەپانەکەیە.
وتیشی کە لە سەرجەم شەڕەکاندا ڕووخانی شارەکان و بیناکان ڕوو دەدات، بوونی کوژراو و بریندارەکان لە هەر شەڕێکدا ئاساییە بەڵام نابێتە پێوەری سەرکەوتن یان شکست لەو شەڕەدا، بەڵکوو سەرکەوتن لە شەڕ بە مسۆگەربوونی ئەو ئامانجانەی کە شەڕەکە بەو هۆیەوە دەستیپێکردووە، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت./.