بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گۆڤارە ئەمریکییەکە لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا سەبارەت بە دۆخی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین ناکۆکییەکی قووڵیان لە گەڵ یەکتردا هەیە و ئەستەمە کە ئەم دۆخە ڕوو لە باشتربوون بکات. زایۆنیستەکان لە شەڕێکی بێ براوەدا لە غەززە تێوەگلاون و لە کاتێکدا کە سوپا بە تەواوی گوشاری لە سەرە، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەتر لە گەڵ حزبوڵڵای لوبنان یان ئێران لە ئاراادایە. ئابوری ڕژێمی زایۆنیستی بە تەواوی زیانی پێگەیشتووە و بە پێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل ڕەنگە لەمساڵدا 60 هەزار کەس بێکار ببن.
لەو ڕاپۆرتەدا بە ئاماژە بە قەیرانی سیاسی، ئابوری و نێودەوڵەتی ڕژێمی زایۆنیستی هاتووە کە بەدەر لەمەش، شەڕی غەززە زیانی بە پێگەی تەل ئەبیب لە ئاستی نێودەوڵەییدا گەیاندووە و ڕژێمی زایۆنیستی بووەتە ڕژێمێکی نەفرەتلێکراو، بابەتیک کە پێشتر وەها نەبووە. ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە دیوانی دادی نێودەوڵەتی بۆ بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و یۆئاف گاڵانت وەزیری شەڕی ئەو ڕژێمە بە تۆمەتی تاوانی شەڕ و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی بڕیاری گرتنی دەرکردووە و هەنگاوەکانی ئەو ڕژێمەی بە کۆمەڵکوژی ناساندووە. هەروەها دادگاکە داگیرکاری و چەوساندنەوەی کەرتی خۆرئاوا، قودسی ڕۆژهەڵات و غەززەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو بردووە. پشتیوانی ئەمریکییەکان لە ڕژێمی زایۆنیستی بە تەواوی تووشی کێشە بووە و گەنجانی ئەمریکی بە تایبەت جولەکەکان دژی ئەوەن بایدن و حکومەتەکەی هەڵوێستێکی توندی لە بەرامبەر تەل ئەبیب و نتانیاهۆدا نییە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتە شیکارییەدا بە ئاماژە بە ڕێکەوتنی سازشتی کەمپ دەیڤید و هەوڵە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ داگیرکاری لە ناوچەکانی سەر بە فەڵەستینییەکان و هێرشەکانی سەر لوبنان، ڕایگەیاندووە کە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تەل ئەبیب کێشەکانیان زیاتر کردووە و شەڕ و ئاڵۆزی ناوچەکەیان بەربڵاوتر کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕژێمی زایۆنیستی بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە گەڵ فەڵەستینییەکان پێویستی بەوە هەیە واز لە سیاسەتی درووستکردنی شارۆچکەکان بێنێت و لە گەڵ فەڵەستینییەکان لە گەڵ دامەزراندنی حکومەتێکی کارامە، یاسایی و کاریگەر هاوکاری بکات./.