بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕاپۆرتێکی دەزگای ناوەندی ئاماری ڕژێمی زایۆنیستی ئاشکرای کردووە کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئەو ڕژێمە و ئیمارات لە حوزەیرانی 2024 گەیشتووەتە 271 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی لە سەدا 5 گەشەی کردووە.
دامەزراوەی بە ناو ” ئاشتی ڕێکەوتنی ئابراهام ” بە پشت بەستن بە ئامارەکانی ئەم دەزگایە، ڕایگەیاندووە کە لە شەش مانگەی یەکەمی ساڵی 2024، کۆی گشتی ئاڵوگۆرە بازرگانییەکانی نێوان ئیمارات و ڕژێمی زایۆنیستی گەیشتووەتە یەک ملیار و 660 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2023 لە سەدا 7 گەشەی کردووە.
ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ بەحرەین گەشەی بەرچاوی هەبووە و لە حوزەیرانی 2024 گەیشتە 16 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار. لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی بەحرەین و ڕژێمی زایۆنیستی گەیشتە 70 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار.
دامەزراوەی ئاشتی ڕێکەوتنی ئابراهام کە دامەزراوەیەکی ناحیزبی ئەمریکییە، پشتیوانی لە ڕێکەوتنی ئاشتی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی عەرەبی دەکات.
سەبارەت بە مەراکیش، ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکەی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە مانگی حوزەیرانی 2024 گەیشتە 8 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2023 لە سەدا 124 گەشەی هەبووە. لە شەش مانگەی یەکەم، کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو لا گەیشتە 53 ملیۆن و 200 هەزار دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2023 لە سەدا 64 گەشەی هەبووە.
ڕاپۆرتەکە هەروەها پیشان دەدات کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان میسر و ڕژێمی زایۆنیستی گەشەی هەبووە و لە حوزەیرانی 2024 گەیشتە 35 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 29 گەشەی هەبووە. کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان میسر و ڕژێمی زایۆنیستی لە شەش مانگەی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتە 246 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2023 لە سەدا 53 گەشەی هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و ئەردەن دابەزینی هەبووە و لە حوزەیرانی 2024 گەیشتە 35 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە حوزەیرانی 2023 لە سەدا 14 دابەزیوە. کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و ئەردەن لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 گەیشتە 213 ملیۆن و 800 هەزار دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 16 دابەزینی هەبووە.
ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی عەرەبی لە کاتێکدا بووە کە لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 تا ئێستا بە هۆی تاوانەکانی ئەو ڕژێمەوە زیاتر لە 40 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە شەهید کراون و بە دەیان هەزاری دیکەش بریندار و بێسەروشوێن بوون./.