لەتیف فاتیح فەرەج لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری دەزگای میدیایی جام کوردی سەبارەت بە داگیرکاریی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، وتی: تورکیا بوونی هێزەکانی پەکەکە وەک بیانووی داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستان بەکار دێنێت، لە بەر ئەوەی کە لە 700 ساڵی حوکمی عوسمانی و 100 ساڵی تورکیای عەلمانیشدا ئەو وڵاتە هەموو کات گێچەڵی بە کورد کردووە و لە کوردی کوشتووە.
ناوبراو وتی: یەکێک لە مەترسییەکانی داگیرکاریی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بچێتە هەر خاک و شوێنێک ناکشێتەوە و بە جێی ناهێڵێت. بۆ نموونە، قوبرس. تورکیا پانتورکیزمێکی وەهای لە ناخی تاکەکاندا درووست کردووە، لە هەر کوێ بێت ئەوان پشتیوانی دەکەن و بڕوایان بە ئازادی کورد لە هیچ شوێنێک نییە.
لەتیف فاتیح فەرەج لە درێژەدا وتی: تورکیا هیچ کات بڕوای بە پرسی ئاشتی نەبووە و نییە، ئەوەی هەبووە بە ناوی پرسی ئاشتییەوە لە کوردستانی تورکیا، سەرقاڵکردنی کورد و وڵاتان بووە و هیچی دیکە.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: پرۆژەی تورکیا وەک نەتەوەیەکی سەردەست بۆ پرسی ئاشتی لە گەڵ کورد، پرۆژەیەکە کە بە هیچ شێوەیەک ئاشتیی تێدا نییە لە گەڵ نەتەوە ژێردەستەکان./.