بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند، یەكێتی ئامادەكاری زۆر باشی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردووە، چونكە یەكێتی باوەڕی بە هەڵبژاردن هەیە و هەوڵی زۆریداوە تاكو هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
وتیشی، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی گەورەی هەبووە كە ئامادەكاری هەڵبژاردن چوارچێوەیەكی یاسایی وەربگرێت ئەویش هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بوو، كە ئەمجارە هەڵبژاردن پاك و بێگەردبێت و بە شێوەی دیموكراسی بەڕێوەبچێت و هەر پارێزگایەك پشكی خۆی لە پەرلەمان وەربگرێت.
لەتیف نێروەیی ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی بەرنامەی خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادەكردووە و وەك راگەیاندنی یەكێتی-ش بەرنامەی خۆی ئامادەكردووە و لە گەڵ دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیامی خۆمان دەبێت كە بەرپرسیارانە و هێمنانە دەبێت تاكو زۆرترین دەنگدەر بچێتە سەر سندوقی دەنگدان، پەیامەكان دووردەبن لە بێزاركردنی هاووڵاتیان./.