یادگار ئیسماعیل توێژەری دەروونی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، ڕایگەیاند: بە پێی هەرەمی ماسلۆ پێنج پێداویستی سەرەکی لە مرۆڤدا کۆدەکاتەوە، یەکەم پێداویستیش بریتییە لە پێداویستی ژیان و پێداویستییە فسیۆلۆژییەکانی وەک دابینکردنی قوت و پێداویستی ژیانی ڕۆژانە، لە هەرێمی کوردستان ئێستا ئەم پێداویستییە کاریگەری لە سەر خەڵک درووستکردووە و بە جۆرێک بەردەوام هەست بە دڵەڕاوکێ و بێهیوایی بکەن سەبارەت بە دواڕۆژ و ڕەنگە کێشەی دەروونیشیان بۆ درووست بکات.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: مرۆڤ کاتێک هەستی کرد مەعیشەت و دۆخی دارایی و مووچەی خۆیی و خێزانی مسۆگەر نییە، ئەوا لە ڕووی دەروونییەوە تووشی سترێس و فشارێکی زۆر دەبێتەوە، ئەمەش کێشەی خێزانی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
ئەو توێژەرە وتی: ئەو دۆخەی باسمانکرد و نەبوونی قوت و پێداویستی ژیان، هەمووی پێکەوە کاریگەری خراپی لە سەر بازاڕ و جوڵەی بازاڕ دەبێت./.