بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە وتارەکەی عەبدولباری عەتواندا هاتووە کە ” وەرزێکی هاوبەشی نێوان دوو زایۆنیست، واتە بنیامین نتانیاهۆ و زیلینسکی بۆ پەلکێشکردنی ئەمریکا بەرەو شەڕێکی گەورەی جیهانییە. نتانیاهۆ دەیەوێت لە مەترسی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیلینسکی دەیەوێت لە مەترسی ڕووسیا بە سەرۆکایەتی ڤلادیمیر پوتین ڕزگار ببێت.
ئەوەی کە سوپای ئۆکراینا بە فەرماندەیی زیلینسکی لە ناکاو و لە 6 ی ئاب هێرشی کردە سەر ناوچەی کۆرسک لە خاکی ڕووسیا و بانگەشەی داگیرکردنی 80 گوند دەکات و بە ئامانجی ترساندنی بەرپرسانی ڕووسیا و پەلکێشکردنیان بۆ سەر مێزی دانوستان و قبووڵکردنی مەرجەکانی ئۆکراینا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ، 11 درۆن دەنێرێتە هەرێمی ئاسمانیی ڕووسیا، ڕووداوێکی بێهۆ نییە.
گرنگی ناوچەی کۆرسک لەوەدایە کە دوو چەکی ستراتیژیی ڕووسیا، واتە گەورەترین وێستگەی ناوەکی و سەرچاوەی سەرەکی کارەبا و دامەزراوەی سەرەکی نەوت و غازی ئەو وڵاتەی تێدایە و زیلینسکی هیوای بەوە هەبوو بەم شێوازە، ترس و دڵەڕاوکێ بخانە نێو سەرکردەکانی ڕووسیاوە و ئەوان پەلکێشی سەر مێزی دانوستان بکات. بەڵام ئەوەی کە ڕوویدا بە تەواوی پێچەوانە بوو و ئەنجامێکی پێچەوانەی بۆ ئۆکراینا و سەرۆکەکەی هێنایە پێشەوە.
ماریا زاخاروا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا یەکەم کەس بوو کە ئاماژەی بە ئامانجەکەی ئۆکراینا دا. ناوبراو لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە ئۆکراینا ویستی تەقاندنەوەی وێستگەی ناوەکی کۆرسکی هەبوو و ئەگەر ئەمەش ڕوو بدات، کیێڤ لە سەر نەخشەی زەوی دەسڕینەوە و شەڕی ناوەکی لە جیهاندا هەڵدەگیرسێت.
دیمێتری میدڤیدیڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی ڕووسیاش بە ئاماژە بە پیلانە هاوبەشەکانی ئۆکراینا و ئەمریکا بۆ دانوستانی تایبەت بە شەڕی مۆسکۆ – کیێڤ، هاوشێوەی ئەوەی لە قاهیرە و دەوحە دەبینرێت، هۆشدارییدا و جەختیکردەوە کە نیۆنازییەکان وەڵامی تاوانەکانیان لە ویلایەتی کۆرسک دەگرنەوە.
دژە هێرشەکەی ڕووسیاش لە بەرامبەر هێرشەکانی ئۆکراینا زۆر خێرا و کاریگەر بوو و بە 75 درۆن هێرشی کردە سەر کیێڤ. ژنڕاڵ میکۆلا ئولیشکۆف فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا دانی بەوەدا ناوە کە دژە هێرشەکەی ڕووسیا زیانێکی زۆری بە هێزەکانی ئەو وڵاتە گەیاندووە.
نتانیاهۆ هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕی ناوەکی لە دژی ئێران و برا ئۆکراینییەکەشی هەوڵی هەمان شەڕ لە دژی ڕووسیا دەدات. لە ئەگەری ئەو شەڕدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا بە تەواوی لەناو دەچن و بەداخەوە کە ئەمریکاش سەرکردەیەکی ڕاستەقینەی نییە نتانیاهۆ و زیلینسکی کۆنتڕۆڵ بکات، لە بەر ئەوەی کە بە هەڵبژاردنەکانەوە سەرقاڵن و لە لایەکی دیکەوە بایدن بە ناچار خانەنشین دەکرێت، وەها هەلومەرجێک دەتوانێت ڕژێمی زایۆنیستی و ئۆکراینا بەرەو هەڵگیرسانی شەڕەکە هان بدات.
ڕووسیا بە سەرۆکایەتی پوتین 5580 کڵاوەی ناوەکیی هەیە و وەک چۆن کە میدڤیدیڤ بەردەوام ڕایگەیاندووە زلهێزێکی ناوەکییە و شکست ناهێنێت. ڕووسیا بە کردەوە مانۆڕە ناوەکییەکانی دەستپێکردووە و ڕایگەیاندووە کە پلانەکەی ئەمریکا بۆ تەیارکردنی ئۆکراینا بە فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 16 و مووشەکە دوورهاوێژەکان کە دەگەنە قووڵایی خاکی ئەم وڵاتە، هێڵی سوورە و بە بۆمبە ستراتیژییەکان وەڵامی دەدرێتەوە. زیاتر لەمەش مووشەکە زۆر پێشکەوتووەکانی ڕووسیا لە ماوەی 4 خولەکدا دەگەنە لەندەن و لە ماوەی 7 خولەکیشدا دەگەنە سنورەکانی ئەمریکا.
هیوادارین سەرکردەکانی ڕۆژئاوا ئەم دوو زایۆنیستە – نتانیاهۆ و زیلینسکی – کۆنتڕۆڵ بکەن، پێش ئەوەی جیهان تووشی شەڕێکی بەربڵاو و ڕۆخێنەر ببێتەوە “./.