بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەپرسى دیسکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور ڕایدەگەیەنێت، گرتن و پێشێلکردن بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان بەردەوامە و داوا لە دەسەڵاتدارانى هەرێم دەکات، کۆتایی بە توندوتیژى بهێنن.
جۆنەسان داگەر، بەرپرسی دیسکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕایگەیاند، توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە هەمان شێوە بێ سزا ماوەتەوە و داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات، کۆتایی بەو گێچەڵ و توندوتیژییانە بهێنن کە خۆیان لێی بەرپرسن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە سێ مانگی ڕابردوودا پێشێلکاری گرتن و دادگاییکردن کراوە بەرامبەر بە شەش ڕۆژنامەنووس لە سنووری پارێزگای دهۆک، کە بریتین لە ئومێد بەرۆشکی، سلێمان ئەحمەد، نژیار محەمەد، بەهێز ئاکرەیی، مورات یازار، ئەحمەد شەمکی./.