بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولمەلک حوسی لە میانەی وتارێکیدا ڕایگەیاند: دوژمنی زایۆنیستی لە ڕێگای بۆردومان، برسیکردن، بڵاوەپێکردنی نەخۆشییە ڕاگوێزەکان، ئەشکەنجە و تاوانی دیکە بەرەو کۆمەڵکوژییەکی تەواو دەڕوات. بەرگری لە غەززە و مزگەوتی ئەقسا ئەرکێکی پیرۆزە بۆ هەموو موسڵمانان. بەرپرسیارێتی ئاگادارکردنەوەی گەل لە ئەستۆی ڕۆشنبیران و زانایانی ئایینیە. ئاستی بەرپرسیارێتی و ئەرکی ئایینی و ئەخلاقی سەر شانی موسڵمانان دەبێت لە ئاستی ئێش و ئازارە بەردەوامەکانی گەلی فەڵەستین بێت و چاوپۆشی لەمەش هەنگاوێکی مەترسیدارە.
ناوبراو وتی: نەبوونی پشتیوانی و هاوکارینەکردنی فەڵەستینییەکان، گەلانی عەرەبی و ئیسلامی ڕوبەڕوی مەترسی دەکاتەوە و دەرفەتی پێویست بۆ دوژمنان دەڕەخسێنێت.
حوسی وتی: سەرۆک کۆماری کۆڵۆمبیا بۆ پشتیوانی لە غەززە، هەناردەکردنی خەڵوزی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی قەدەغە کرد تا لە کارەساتی دژ بە گەلی فەڵەستیندا ڕۆڵی نەبێت، لە کاتێکدا هەناردەی وڵاتانی عەرەبی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوامە و میوە و مادە خۆراکییەکان هەناردەی ئەو ڕژێمە دەکەن.
سەرۆکی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی: چالاکی بەرەکانی پشتیوانی لە غەززە بەردەوامە، بە تایبەت بەرەی باشوری لوبنان، ئەو شوێنەی کە زایۆنیستەکان چاوەڕوانی وەڵامەکەی حزبوڵڵا دەکەن.
وتیشی کە درێژە بە پشتیوانی لە غەززە دەدەین و هەڵوێستی ئێمە لە بەرامبەر دوژمنانی خودا و مرۆڤایەتی، واتە زایۆنیستەکانە./.