ڕەمزی سەعید نووسەر و هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: ئەمرۆ لە چەند کاتێکی جیاوازدا تورکیا شارباژێر و بە تایبەت گوندەکانی سەفرە و گەڵاڵەی بۆردومان کردووە و ئەمەش واتە پێشێلکردنی سەروەری وڵات و گوێنەدان بە ئاسایشی سیاسی و ئەمنی دراوسێکانیەتی.
ناوبراو وتی: هەر ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی کەناڵی ستێرک تیڤی لە سەید سادق کرایە ئامانج و دەستبەجێ دوو کەس کوژران و یەکێکی دیکە بریندار بوو، ئەمەش کارێکی دژی کوردە و هیچ پەیوەندییەکی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە نییە.
ئەو نووسەرە کوردە هەروەها وتی: ئەم کردەوانەی تورکیا وا دەکات کە هەرێمی کوردستان ببێتە غەززەی دووەم، چوونکە ئیسرائیلیش یەکەم جار تەنیا بیانووی ئەندامانی حەماسی هەبوو، دواتر بەرەو داگیرکاری و کوشتنی مەدەنی هەنگاوی نا.
ڕەمزی سەعید لە کۆتاییدا وتی: ئەوەی سەیرە دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ یەکجاریش هەڵوێستی جیدییان نەبووە و نازانرێت بە تەمای چین./.