بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حزبوڵڵای لوبنان بەیاننامەیەکی لە سەر هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە:
لە ڕۆژی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع)، ئیمامی ئازادیخوازان و گەورەی شەهیدان، سەرچاوەی گیانفیدایی و مرۆڤدۆستی و سەربەرزی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە 25 ی ئابی 2024 و لە چوارچێوەی یەکەم وەڵامدانەوەی دەسدرێژییەکەی دوژمنی زایۆنیستی بۆ سەر زاحیەی باشوری بەیرەت کە بووە هۆی شەهیدبوونی فەرماندە فۆئاد شوکر، فەرماندەی گەورە و تێکۆشەڕی خۆڕاگری و ژمارەیەک لە خەڵکی بەشەرەفی لوبنان بە تایبەت ژنان و منداڵان، هێزەکانی خۆڕاگریی ئیسلامی، هێرشێکی ئاسمانی بەربڵاویان لە ڕێگای ژمارەیەک درۆنەوە کردە سەر قووڵایی خاکی فەڵەستینی داگیرکراو و ئامانجێکی تایبەتی سەربازی کە وردەکارییەکانی دواتر بڵاو دەکرێتەوە.
هاوکات لە گەڵ ئەوەش چەندین پێگە و بارەگای سەربازیی دوژمنی زایۆنیستی و سیستەمەکانی بەرگری گومەزەی ئاسنین بە ژمارەیەک مووشەک لە باکوری فەڵەستینی داگیرکراودا کرانە ئامانج.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە خۆڕاگریی ئیسلامی لوبنان لە ئێستادا لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدایە و بە هێزەوە ڕوبەڕوی هەر دەسدرێژییەکی دوژمنی زایۆنیستی دەبێتەوە، بە تایبەت ئەگەر زیان بە خەڵکی مەدەنی بگات، کە لە وەها حاڵەتێکدا سزادانێکی قورس و کاریگەرتر چاوەڕوانی زایۆنیستەکان دەکات./.