بەدران محێدین نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی ڕایگەیاند: پارتی و سەرۆکی حکومەت بەرامبەر تورکیا نەک بەیاننامەی ناڕەزایەتی دەرناکەن دژی تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووس کە بە دەستی ئەو وڵاتە کوژران، تەنانەت دەتوانم بڵێم زۆریش ئاساییە بەلایانەوە و بەڵکو دڵخۆشیشن بە تیرۆرکردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە، واتە ئەوەی لە سەیدسادق ڕوویدا بە دەستی سەرۆکی حکومەت نەبوو بەڵام زۆری بە دڵ بوو، ئەوەش پێچەوانەی ئەو هەڵایە بوو کە پارتی دژی هێرشێکی ئێران بۆ سەر ماڵی بازرگانێک لە هەولێر پێی هەڵسا و لە هەموو میدیا و کەناڵەکانییەوە هێرشی کردە سەر ئێران.
ناوبراو وتی: پارتی دیمۆکراتی کورستان وەک حیزب بوونی نەماوە، ئەوەی هەیە بنەماڵەی بارزانییە کە بڕیار لە سەرەتا و کۆتایی هەموو شتێک دەدەن، ئەو قسەیە ڕەنگە بۆ خوێنەر قسەیەکی نوێ بێت بە تایبەتی ئەوانەی شارەزای مێژووی ئەو حیزبە نین.
بەدران محێدین: پارتی لە ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕەخنەگر و دەنگی جیاوازی تێدابوو، زۆر یان کەم لە سەر بابەتی نەتەوەیی و نیشتمانی هەڵوێستیان دەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە بە تەواوی جیاوازە، هەموو پارتی کۆکراوەتەوە لە بەژەوەندی بنەماڵەیەک، بەرژەوەندی ئەو بنەماڵەیەش ڕوو لە کوێ بێت بۆ ئەو شوێنە دەهۆڵ دەکوتن، ئێستا بەرژەوەندی بنەماڵەی بارزانی و مانەوەی ئەو بنەماڵەیە ڕوو لە تورکیایە، بۆیە بە بەرچاوی هەموو دونیاوە ڕێگا قیر دەکەن و شاخ دەبڕن بۆ هەمەر و دەبابەی تورکی بۆ سەر خاکی هەرێم، هێزێک ئامادە بێت ببێتە کەواسوری بەر لەشکری تورکیا و ئامادە بێت حەسەن خەیریانی جاشاتی بکات، لام سەیرە چاوەڕێی ئەوەی لێبکەین کە بە ڕۆژی ڕووناک درۆنی تورکی خەڵکی سڤیل و ڕۆژنامەنووسان تیرۆر بکات هەڵوێستی هەبێت.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: حکومەتی هەرێم لە 8 کابینەی ڕابردوو، هیچیان وەک کابینەی نۆیەم دژی دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنووسان و قەڵەمە بوێرەکان نەبووە، ئەو کابینەیە و درووست سەرۆکی حکومەتەکەی کە ماوەی شەش ساڵە لە دەسەڵاتە، لە زۆنی دەسەڵاتەکەی خۆیدا 6 خۆپیشاندان نەکراوە، کاتێک سەرۆکی حکومەت ئەوە بیرکردنەوەی وەها لە دژی هەموو ئازادییەک بێت چۆن چاوەرێی ئەوەی لێدەکرێت بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان بکات لە کاتێکدا بکوژی ڕۆژنامەنووسەکەش سوڵتانی خۆی بێت./.