بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر (دووشەممە 26 ی ئاب ی 2024) وتی کە هیوادارین وڵاتانی ئیسلامی و هەموو ئەو وڵاتانەی پابەندی یاسا و چوارچێوەی نێودەوڵەتین، لە گەڵ یەکتر و بە هەوڵی هاوبەش بتوانن لایەنگرانی ڕژێمی زایۆنیستی هانی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ڕژێمە و ڕاگرتنی تاوان و کۆمەڵکوژییەکەی لە غەززە بدەن.
ناوبراو ستایشی هەوڵەکانی قەتەری کرد لە پێناو گەیشتن بە ڕێکەوتنی ئاگربەستی غەززە و وتی: لە غەززە هەر کاتژمێر و خولەکێک، مافی مرۆڤ و سەرجەم یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکرێت، بەڵام ئەو وڵاتانەی بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەن هەندێک کات بۆ دادگاییکردنی تەنیا کەسێک، دەنگ بەرز دەکەنەوە، لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە بێدەنگن و تەنانەت پشتیوانی لە تاوان و کۆمەڵکوژی زایۆنیستییەکانیش دەکەن.
سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەریش لەو چاوپێکەوتنەدا سڵاوی میری وڵاتەکەیی گەیاندە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران و پێشوازی دەستبەکاربوونی کرد و وتی: میری قەتەر بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندی برادەرانە و ستراتیژی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگییەکی زۆر دەدات و ئێمەش لەو بڕوایەداین کە دەبێت ئاستی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا بەرز ببێتەوە و دەبێت بۆ مسۆگەربوونی ئەمەش هەوڵێکی زیاتر بدەین./.