سەید هادی بورهانی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە قۆناغی یەکەمی تۆڵەی تیرۆری شەهید فۆئاد شوکر لە لایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە، وتی: وەڵامەکەی حزبوڵڵا بۆ تیرۆری شەهید فۆئاد شوکر، هێرشێکی گەورە و بەهێز بە تایبەت لە ڕووی هەواڵگرییەوە بووە. سەرەتا ئەم وەڵامە دەرفەتی دایە دانوستانی سێقۆڵی تا شانسی سەرکەوتنی تاقیبکرێتەوە، دووەم ئەوەی کە بە هۆی دواکەوتنی وەڵامەکەوە، ڕژێمی زایۆنیستی ئەگەری جێبەجێکردنی بە لاواز دەزانی و ئابوری و ئاسایشی ئەو ڕژێمە خۆیی لە ژێر گوشارەکانی بەرەی خۆڕاگری دەردەهێنا، بەڵام هێرشەکە کرا و گوشارەکانی سەر زایۆنیستەکانی پاراست و خاڵی سێهەم ئەوەی کە هێرشەکان بە شێوازێک بوو کە ڕێگریی لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە لوبنان و ناوچەکەدا کرد.
ناوبراو وتی: حزبوڵڵا لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە بۆ پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین و دانیشتووانی غەززە زیاترین تێچووی هەبووە و زیاتر لە 10 مانگە کە لە شەڕی ڕژێمی زایۆنیستیدایە. هێرشەکەی ئەمجارە ئەوە بوو کە وەک بڕیارێکی ووشیارانەی سەرکردایەتی حزبوڵڵا بۆ پاراستنی گیان و بەرژەوەندییە داراییەکانی لوبنان و ئەندامانی ئەم بزوتنەوەیە جێبەجێ کرا.
ئەو شارەزای کاروباری سیاسییە لە درێژەدا وتی: هەڵوێستی حزبوڵڵا سەبارەت بە هێرشی تۆڵەکردنەوە، ڕژێمی زایۆنیستیی خستووەتە دۆخێکی دژوارەوە، ئەگەر دان بە زیانەکانی ئەم هێرشەدا بنێت دەتوانێت لە هێرشەکانی دیکە پارێزراو بێت و ئەمەش بە واتای قبووڵکردنی شکستە و ئەگەر حاشا لە زیانەکان بکات دەبێت چاوەڕوانی هێرشەکانی داهاتووی حزبوڵڵا بکات.
بورهانی وتی: بەردەوامی ئەم گوشارانە لە لایەن خۆڕاگرییەوە دەتوانێت ڕژێمی زایۆنیستی ناچار بە کۆتایی دەسدرێژییەکانی بۆ سەر غەززە و قبووڵکردنی ئاگربەست بکات و ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدانێکی گەورەی گەلی فەڵەستین بە تایبەت دانیشتووانی غەززە بێت. پێدەچێت بەرەی خۆڕاگری بە مەبەستی بەردەوامی گوشارەکان لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی، بڕیاری وەڵامدانەوەی جیاجیای ئەو ڕژێمەی دابێت. ڕژێمی زایۆنیستی مانگێک لە چاوەڕوانی وەڵامەکەی حزبوڵڵادا لە دۆخێکی ئەمنی نائاساییدا بووە.
ناوبراو وتی: دەستبەجێ پاش هێرشەکەی حزبوڵڵا، بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن هەڕەشەی هێرش و وەڵامدانەوەی بۆردومانەکەی بەندەری حودەیدەی لە زایۆنیستەکان کرد. هەر کات ئەو هێرشە بکرێت هێرشەکانی ئێرانیش هەیە. بەم جۆرەش بەرەی خۆڕاگری موڵەتی ئەوە نادات دۆخی ئەمنی لە ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی ببێتەوە و ئەمەش تێچوویەکی قورس بە سەر ئەو ڕژێمەدا دەسەپێنێت و هەروەها ڕای گشتی، کۆمەڵگا و لایەنە سیاسییەکانی زایۆنیست لە دژی حکومەتەکەی بنیامین نتانیاهۆ هان دەدات و ڕەنگە گوشارە ناوخۆییەکان لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی بۆ قبووڵکردنی ئاگربەستی غەززە زیاتر بکات./.