بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ تاران کە هاوکات لە گەڵ ڕاگەیاندنی شکستی دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە لە قاهیرە بووە، هەندێک پرسیاری بە دوای خۆیدا هێناوە.
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە گەڵ سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە.
وەزیری دەرەوەی قەتەر کە یەکەم میوانی دەرەوەی سەید عەباس عێراقچی لە ئاستی وەزیری دەرەوەدا بوو، لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ ناوبراو ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی لە پێناو ڕاگرتنی شەڕی غەززە و گەیشتن بە ڕێکەوتنی ئاگربەست خستەڕوو و داوای بەردەوامیدانی ڕاوێژە سیاسییەکانی کرد بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و هاوکاریکردنی گەلی فەڵەستین.
سەید عەباس عێراقچی کەسایەتییەکی ناسراوی دیپلۆماسیی ئێرانە و ساڵانێک گەورە دانوستانکاری تاران لە دۆسیەی ناوەکیدا بووە، ئەزموونێکی زۆری لە سیاسەتی دەرەوەدا هەیە و بوونی ئەو وەک وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پێشوازی لێکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک کارێکی لەپێشینەی گرنگی بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدات. قەتەر پەیوەندییەکی مێژوویی و دۆستانەی لە گەڵ ئێران هەیە و ژمارەی سەردانی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات بۆ تاران و دەوحە ئەمە پیشان دەدات. بە واتایەکی دیکە هەر دوو وڵات ئیرادەیەکی هاوبەش و بەهێزیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا هەیە.
بەرپرسانی باڵای قەتەر لە قۆناغە جیاجیاکاندا و لە کاتە هەستیارەکاندا بەردەوام لە پێناو ڕاوێژی سیاسی لە گەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی تارانیان کردووە و دەوحە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران بپارێزێت و هەر بۆیە سەردانەکەی شێخ محەممەد عەبدولڕەحمان بۆ تاران هێندە سەردانێکی نامۆ نەبووە./.