بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر ئەبوشەریف نوێنەری بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە تاران سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکەی حزبوڵڵای لوبنان لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: وەڵامەکەی حزبوڵڵا بۆ تیرۆری شەهید فۆئاد شوکر و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەربەعین، پیشاندەری پابەندبوونی حزبوڵڵایە بە خۆڕاگری و هەروەها بەهێزبوونی لە وەها ئۆپەراسیۆنێکی ورد و کاریگەری هەواڵگری.
ناوبراو وتی: ئەم ئۆپەراسیۆنە نەک تەنیا وەڵامێک بۆ تیرۆری کەسێک بووە، بەڵکوو پەیامی گەورەتری هەبووە کە خۆڕاگری بەهێزە و هیچ دەسدرێژییەک بە بێ وەڵام ناهێڵێتەوە. حزبوڵڵا بەم ئۆپەراسیۆنە ئەو پەیامەی گەیاند کە ئامادەیە لە بەرامبەر هەر دەسدرێژییەکی ڕژێمی زایۆنیستیدا بوەستێتەوە و هەر هێرشێکی سەر لوبنان ڕوبەڕوی وەڵامێکی بەهێز بکاتەوە.
ناسر ئەبوشەریف لە درێژەدا وتی: ئەگەری دووبارەکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی ئەربەعین لە لایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە بە پێی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەیە. حزبوڵڵا ئەوەی سەلماندووە کە لە بەرامبەر هەڕەشەکاندا پاشەکشە ناکات و وەڵامی بەهێزی بۆ هەر هەڕەشە و دەسدرێژییەک دەبێت. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێک لە ستراتیژی خۆڕاگری بۆ پیشاندانی هێز و ئامادەیی هەمیشەیی بۆ بەرگری لە لوبنان بووە.
ناوبراو وتی: ئەم ئۆپەراسیۆنە پەیامی ڕوونی بۆ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەبووە. بۆ ئەمریکا ئەو پەیامەی هەبووە کە سەرجەم هەوڵەکانی بۆ لاوازکردنی خۆڕاگری، ئەنجامی نابێت و گەلی لوبنان و هاوپەیمانەکانی خۆڕاگری درێژە بە ڕێگاکەی خۆیان دەدەن. هەروەها ئەوەشی بە ڕژێمی زایۆنیستی پیشاندا کە هەر جۆرە دەسدرێژی یان هێرشێک ڕوبەڕوی وەڵامی بەهێز دەبێتەوە و هیچ شوێنێک لە لێدانی خۆڕاگری پارێزراو نابێت./.