بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 28 ی ئابی 2024 لە چاوپێکەوتنی قوربانقولی بەردی محەممەدۆف سەرۆکی نیشتمانیی تورکمانستان و شاندی یاوەری، گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتیان بە گرنگ زانی و وتیان: پەیوەندییەکانی ئێران و تورکمانستان لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و هەروەها دەفرایەتییەکی زۆر بۆ هاوکاری ماوە کە دەبێت لەوان کەڵک وەربگیردرێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان لەوە کردەوە کە گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی هەر دوو گەلی ئێران و تورکمانستان دەبێت و وتیان: هیوادارین حکومەتی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی دکتۆر پزیشکیان، کاروباری گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بە هێزێکی زیاترەوە بباتە پێشەوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە لێدوانەکانی سەرۆکی نیشتمانیی تورکمانستان سەبارەت بە پرۆژە هاوبەشەکان، ڕایانگەیاند کە ئەم پرۆژانە بە بەشداری شارەزایان و پسپۆڕانی ئێرانی، پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات زیاتر دۆستانە و نزیکتر دەکات.
سەرۆکی نیشتمانیی تورکمانستانیش لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەرییەکانی شەهید ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری پێشووی ئیسلامی ئێران، ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئەو شەهیدە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دا و وتی: لە تاران دانوستانێکی زۆر باشم لە گەڵ جەنابی سەرۆک کۆماردا هەبووە و هیوادارم ڕێکەوتنە واژۆکراوەکان ئەنجامێکی باشیان هەبێت.
بەردی محەممەدۆف وتی: سنورە هاوبەشەکانی ئێران و تورکمانستان بەردەوام سنوری ئاشتی و دۆستایەتی بووە و واش دەمێنێتەوە و ئێمە ئامادەی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانین لە سەرجەم بوارەکاندا./.