بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستخۆشیی لە ڕێوشوێنی باش و خزمەتگوزاری و هاوکاری و هەوڵەکانی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازی و میوانداریکردنی زیارەتکارانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) کرد.
باڵیۆزی ئێران وتی: خۆشبەختانە زۆربەی ئەو زیارەتکارە ئێرانییانەی لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە گەشتیان کردووە، ڕەزامەندی خۆیان بەرامبەر بەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشیان کراوە، دەربڕیوە و ئەمەش جێی خۆشحاڵییە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ پەیوەندییە تەلەفوونییەکەی باڵیۆزی ئێران، وتی: خۆشحاڵین کە زیارەتکارانی ئێرانی لەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشیان کراوە ڕازی بوون و هیوادارین بتوانین ساڵانە خزمەتی باشتر بەوان بکەین، ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین خزمەتی زیارەتکاران بکەین لە بەر ئەوەی کە ئیمام حوسێن (ع) هی هەموو کەسێکە./.