بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفوونیی یوناس گاهر ئەشتۆرە سەرۆک وەزیرانی نەرویج بە ئاماژە بە مێژووی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات، وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران خواستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ نەرویج هەیە و هیوادارین ئەم وتووێژانە بگاتە پتەوکردن و بەرفراوانترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و هەروەها گەیشتن بە ڕێکارە هاوبەشەکان بۆ جێگیربوونی ئاشتی و سەقامگیری و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاسایش لە جیهان.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر ڕۆڵی گرنگی تاران لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان کردەوە و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام وێڕای هەوڵدان بۆ پتەوکردنی ئاشتی و دۆستایەتی، ئیدانەی هەر دەسدرێژییەک لە هەر ناوچەیەکی جیهان دەکات و ئامادەی هاوکارییە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و توندووتیژی و ناسەقامگیری لە جیهان.
پزیشکیان لە بەشێکی دیکەی ئەو وتووێژەدا بە ئاماژە بە پابەندنەبوونی ئەمریکا بە بەڵێنەکانی لە ڕێکەوتنی ناوەکیدا وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ڕێکەوتنەدا پابەندی سەرجەم بەڵێنەکانی خۆی بووە بەڵام ئەمریکا وێڕای بێ بەڵێنی و کشانەوەی تاکلایانە، گوشار و سزاکانی لە دژی وڵاتی ئێمە زیاتر کرد و بەداخەوە وڵاتانی ئەورووپیش بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، تەنانەت یەک خاڵی بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ نەکرد./.