بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتیکدا کە دانوستانەکانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە، چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە دەوحە، دەستیپێکردەوە، بە هۆی سیاسەتی ڕژێمی زایۆنیستییەوە و بە تایبەت بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە، سەرچاوەیەکی باڵای نزیک لە خۆڕاگریی فەڵەستین ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکانی دەوحە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان شکستی هێناوە و دانوستانەکان بەرەو کۆتایی و هەڵوەشانەوە دەڕوات.
ئەو سەرچاوەیە بە کەناڵی المیادین ی ڕاگەیاندووە کە کۆبوونەوەکانی دەوحە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ڕژێمی زایۆنیستی لە مەرجی مانەوە لە بەرەی فیلادلفیا (سەڵاحەدین) پاشگەز بکاتەوە و ڤیتۆی ئەو ڕژێمە لە سەر ئازادیی 65 دیلی فەڵەستینی سزادراو بە زیندانی هەتاهەتایی هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکان بە هۆی وەڵامنەدانەوەی پێشنیاری نێوەندگێڕەکانەوە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە، بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات.
ڕاشیگەیاندووە کە هەڵوێستی حەماس ئەوەیە کە دانوستانەکان بە شێوازی ئێستا ناگاتە ڕێکەوتن و هەروەها نێوەندگێڕەکان بێهیوابوونی خۆیان لە هەڵوێستی زایۆنیستیەکان ڕاگەیاندووە و ئەو ڕژێمە بە بەربەستی سەرەکی بەردەم ئاگربەست و ڕێکەوتنی ئازادکردنی دیلەکان دەزانن./.