بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەشار ئەسەد لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی چوارەمین خولی پەرلەرمانی سوریا (ئەنجومەنی گەل) جەختیکردەوە کە باشترکردنی پەیوەندییەکانی دیمەشق – ئەنکەرە، بەندە بە چارەسەرکردنی ئەو هۆکارانەی دۆخی پەیوەندییەکانیان بەم ڕۆژە گەیاندووە.
ناوبراو وتی: ئەو قۆناغەی ئێستا باس دەکرێت، قۆناغی بنەماکانە، لە بەر ئەوەی کە سەرکەوتن ئەوەیە ببێتە بنەمایەک بۆ سەرکەوتنەکانی داهاتوو، لەم ڕووەوە لێدوانی بەرپرسانی تورکیا بێ بنەمایە، لە کاتێکدا پێوەری ئێمە سەروەریمانە.
ئەمەش سەلمێنەری ڕاستییەکە کە بەشار ئەسەد واز لە سەروەری وڵاتەکەی ناهێنێت و وەک چۆن کە خۆی ڕایگەیاندووە ئەمە بووەتە پێوەرێک بۆی. ئەمەش وایکرد کە یاشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری سوریا بە ئەرێنی ناو ببات و بڵێت کە کێشەیەک لە نێوان ئێمەدا نییە کە چارەسەرەکەی ئەستەم بێت و ئەنکەرە و دیمەشق دەتوانن هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن.
پێشتریش سێرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو تورکیا ئامادەی تاوتوێکردنی پرسی کشانەوەی هێزەکانی خۆیە لە سوریا و ئەمەی لە گەڵ مۆسکۆ باس کردووە.
شارەزایان پێیان وایە ئەسەد دەرگای وتووێژی بە ڕووی تورکیادا کردووەتەوە بەڵام هیچ کات پاشەکشەی لە مەرجەکانی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەو وڵاتە نەهێناوە.
ئەسەد دوو کارتی بەهێزی بۆ ناچارکردنی تورکیا بە کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا هەیە. یەکەم: نیگەرانیی تورکیا لە بوونی کوردان لە باشوری ئەو وڵاتە کە دەتوانێت کێشە لە بەردەم ئاسایشی نیشتمانی تورکیا درووست بکات و وەک چۆن کە تورکیا بەردەوام پشتیوانیی لە نەیارانی سوریا کردووە، سوریاش دەتوانێت پشتیوانی لە کوردانی تورکیا بکات. دووەم: ئاوارەکانی سوریا لە تورکیا کە بوونەتە قەیرانێک بۆ حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و نەیارەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سوریا گوشارەکانیان لە سەر ناوبراو چڕکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەردۆغان بەوە گەیشتووە کە حکومەتی ئەسەد هیچ هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایش و سەقامگیری تورکیا نییە و هاوکات پێکهێنانی حکومەتی کوردی یەکێکە لە نیگەرانییەکانی ئەردۆغان و بەم هۆیەوە خواستی ئەنکەرە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ دیمەشق زیاترە لە خواستی سوریا و ئەمەش بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە بۆ لەم قۆناغەدا سوریا هێندە خوازیاری باشترکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا نییە./.