بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کامەران عوسمان لە ڕێکخراوی CPT ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو، سوپای تورکیا بە شێوەیەکی زنجیرەیی و لە ڕێگای فڕۆکەی شەڕکەرەوە، 24 جار بۆردومانی هەرێمی کوردستانی کرد.
ناوبراو ڕایگەیاند: هێرشەکان بۆ سەر ئەم شوێنانە بوون لە هەرێمی کوردستان “دامێنی گرێ بەهار و پشتی گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی، هەروەها چیای حەوت تەبەق و گوندەکانی کەفنە مژێ و سپیندارێ و گیرگاشێ لە بەری گارێ لە قەزای ئامێدی، دواتر چیای کتکین و خواکوڕک لە قەزای سیدەکان، لە گەڵ ئەوەش تورکیا چیای کۆخە و شاخی تاڵە لە سنوری قەزای چۆمانی بۆردومان کردووە”.
کامەران عوسمان ڕایگەیاند: تورکیا هەموو ئەم ناوچانەی دیکەشی بۆردومان کردووە لە گەڵ دەورووبەری گوندی قەڵاتوکان لە سنوری قەزای پشدەر، هەروەها هەواری ڕەوەندەکانی گوندی کوێرەکانی و چیای ئاسۆس لە سنوری قەزای ماوەت./.