پڕۆفیسۆر هێرش ڕەسوڵ نووسەر و ئەكادیمی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام كوردی ڕایگەیاند: بە پێی بنەماكانی ئاكاری پیشەیی ڕاگەیاندن، پێویستە ڕاگەیاندنكار لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاریدا، ڕەچاوی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی بكات و نابێت ڕۆژنامەنووس وەك سیخوڕ بۆ هیچ كەس و لایەنێك دەربكەوێت و پێویستە تەواو پیشەییانە كاربكات.
ناوبراو وتی: دەبێت ڕۆژنامەنووسان هەواڵ و زانیارییەك بڵاونەكەنەوە كە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاسایشی هاووڵاتیان و زیانیش بگەیێنێت بە بنەماكانی هاووڵاتیبوون لە وڵاتدا.
هێرش ڕەسوڵ ڕایگەیاند: هۆكار و ئاستەنگەكانی بەردەم نەبوون و دانەمەزراندنی میدیای نیشتمانی، زۆر و فرە جۆرە و زیاترە لە یەك هۆكار، بەڵام یەكێك لە هۆكارەكانی نەبوونی ئەم جۆرە میدیایە لە هەرێمی كوردستان، ئەوەیە كە ڕاگەیاندنكاران بە پێی پێویست هۆشیاری پیشەییان نییە.
ڕاشیگەیاند کە هەندێك جار ڕۆژنامەنووسان بە پێی ئەجێندا و كارنامەی سیاسی و ئایدۆلۆژیا و ئاینیی و شتیتریش، كار دەكەن، ئەمەش پیشەییبوون نییە./.