بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسحاق بریک ژنراڵی خانەنشینی زایۆنیست ڕایگەیاندووە کە پێداگری بنیامین نتانیاهۆ و کابینەکەی لە سەر بەردەوامی شەڕی غەززە، مەترسییەکی گەورەیە لە سەر بوونی ڕژێمی زایۆنیستی نەک حەماس.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەوەی باس دەکرێت کشانەوەی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە دەبێتە هۆی ڕێکخستنەوەی حەماس و هێرشی هاوشێوەی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023، بە تەواوی هەڵەیە و خوێندنەوەیەکی نادرووستی ڕووداوەکانی غەززە پیشان دەدات.
بریک ڕایگەیاندووە کە بەردەوامی شەڕ دەبێتە هۆی لاوازبوونی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی و لە ئێستاشدا ڕۆژانە لە هێزەکانی سوپا دەکوژرێن و بریندار دەبن.
ئەو ژنڕاڵەی زایۆنیست ڕایگەیاندووە کە ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی غەززەدا مسۆگەر نەبووە، بە تایبەت لەناوبردنی حەماس و ئازادی دیلەکان و لە ئێستادا مەترسی هەڵوەشانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئارادایە نەک بزوتنەوەی حەماس./.