بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، پێشنیاری نوێ بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە دەخرێتەڕوو کە بە نێوەندگێڕی ئەمریکا، قەتەر و میسر هەوڵی ئاگربەست لە شەڕی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و بزوتنەوەی حەماس دەدەن.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدن لە ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە زۆرترین خاڵەکانی ئەم ڕێکەوتنە کۆدەنگی هەیە بەڵام دانوستانکاران بەردەوام هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دوو بەربەستی سەرەکی دەدەن.
ئەو بەرپرسە کە لە سەر داوای خۆی ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە دوو بەربەستەکە، پێداگریی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر مانەوەی لە بەرەی فیلادلفیا، ناوچەیەکی پارێزراو لە باشوری غەززە و لە سنوری هاوبەش لە گەڵ میسر و هەروەها ئەو کەسە تایبەتانەیە کە لە ئاڵوگۆڕی دیلەکانی حەماس و ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچە داگیرکراوەکان بەشداری دەکەن.
بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە ڕەشنووسی ئەم ڕێکەوتنە ڕەنگە هەفتەی داهاتوو یان تەنانەت زووتر ئامادە ببێت.
ڕاشیگەیاندووە کە هەست بە کۆتایی هاتنی کاتەکە دەکرێت. ئەگەر ئەم هەفتەیەش ڕەشنووسی نوێتان بینی، تووشی سەرسوڕمان نەبن.
بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، دۆزینەوەی تەرمی شەش دیلە زایۆنیستەکە دۆخەکەی دژوارتر کردووە و هەمووان هەست بەوە دەکەن کە کاتەکە بەرەو کۆتایی دەڕوات./.