بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شارەزایان و شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کە گەیشتنی بەغدا و واشنتن بە ڕێکەوتنێک کە تێیدا بە پلانێکی دوو ساڵە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بکشێنەوە، سەرکەوتنێکی سیاسی هەژمار دەکرێت.
کەناڵی جزیرە لە سەر ئەم پرسە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە کاتی ڕاگەیاندنی ئەم ڕێکەوتنە وەک سەرکەوتنێکی سیاسی بۆ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقە کە هەوڵی هاوسەنگی لە پێگە و هەڵوێستی بەغدا وەک هاوپەیمانێکی واشنتن و تاران دەدات، لە کاتێکدا کە ئەمریکا و ئێران لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوو بەرەی دژ بە یەکدان.
ئەم ڕێکەوتنە لە کاتێکدا کراوە کە ئەمریکا وەک بەشێک لەو هاوپەیمانییەی کە لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پاش هێرشەکانی بۆ سەر چەندین ناوچەی عێراق و سوریا پێکهێنرا، نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سوریا وەک دراوسێی ئەم وڵاتە هەیە و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنە واژۆکراوەکەدا بە دڵنیاییەوە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی سەربازیی واشنتن لە ناوچەکەدا دابین دەکات.
جزیرە سەبارەت بەم ڕێکەوتنە ڕایگەیاندووە کە عێراق و ئەمریکا بە پێی پلانێک لە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوو بە شێوازی قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، لە سەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم وڵاتە گەیشتوونەتە ڕێکەوتن و بە پێی سەرچاوەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەم پلانە کشانەوەی سەدان کەس لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا تا ئەیلولی 2025 و ئەوانی دیکەش تا کۆتایی ساڵی 2026 لە خۆ دەگرێت.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە چەندین ڕێکەوتنی دیکە سەبارەت بەم پلانە هەیە و چاوەڕوانی واژۆکردنی کۆتاییە لە نێوان هەر دوو وڵات و دیاریکردنی بەروارێکی تایبەت، بە شێوازێک کە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ڕوونیکردووەتەوە کە هەر دوو وڵات گەیشتوونەتە ڕێکەوتن و تەنیا کاتی جێبەجێکردنەکەی ماوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر دوو وڵاتی عێراق و ئەمریکا هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکی ڕاوێژکاری لە ڕووی سەربازییەوە لە نێوانیاندا هەبێت کە ڕەنگە موڵەتی ئەوە بە ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەمریکا بدات بۆ ئەرک و ڕاسپاردەی ڕاوێژکاری لە عێراقدا بمێننەوە.
سەرچاوەکانی هەواڵ ڕایانگەیاندووە کە سەرەتا بڕیار بووە ئەم ڕاگەێندراوە چەندین هەفتە پێش ئێستا بڵاو بکرێتەوە بەڵام بە هۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تایبەت بە شەڕی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و فەڵەستینییەکان و بە مەبەستی چارەسەرکردنی هەندیک لە وردەکارییەکان دواخرا.
فەرهاد عەلائەدین ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕایگەیاندووە کە دانوستانی تەکنیکی لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کۆتایی هاتووە و عێراق لە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نزیک بووەتەوە کە جەخت لە سەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارەکانی سەربازی، ئەمنی، ئابوری و کەلتوری دەکاتەوە.
هێزەکانی ئەمریکا سەرەتا لە ساڵی 2003 پاش هێرشی سەر عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام هاتنە ئەم وڵاتە و لە ساڵی 2011 کشانەوە بەڵام لە ساڵی 2014 و لە سەر داوای سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە، بە یاوەری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش گەڕانەوە. وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیسپانیا و ئیتالیا لە گەڵ ئەمریکا هێزەکانیان هێنایە عێراق. دانوستانی تایبەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە دەستپێشخەری سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە و لە گەرمەی ئاڵۆزی نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری و ئەمریکا لە عێراق، لە کانوونی دووەمی 2024 دەستیپێکرد.
ئەڵبەت هێشتا دیار نییە کە چ بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەکشێنەوە. ئایا ئەمریکاش هێزەکانی دەکشێنێتەوە یان وەک ڕاوێژکار و لە چوارچێوەی سیاسەتی فێڵ و درۆی ئەو وڵاتە لە عێراقدا دەمێننەوە؟/.