بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەڵگە زانستییە نوێیەكان دەڵێن كاتی ھەر ھەڵچوون و توڕەبوونێك ئەگەری توشبوون بە جەڵتە ٨ ھێندەی كاتە ئاساییەكانە.
توێژینەوەكانی پێشوتریش دەریان خستبوو توڕەبوون ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی مێشك و تێكچوونی ڕیتمی لێدانی دڵ زیاتر دەكات.
لەبەر ئەوەی توڕەبوون دەبێتە ھۆی زڕاندنی خەو و زۆرخۆری و كەمكردنەوەی كاریگەری ھۆڕمۆنی ئەنسۆلین، ڕێگا بۆ تووشبوون بە شەكرە خۆشدەكات. ڕێدفۆرد ویلیامس سەرۆكی بەشی پزیشکی ھەڵسوكەوتزانی لە زانكۆی دیوك دەڵێت کە توڕەبوون بۆ ھەموو بەشەكانی جەستە خراپە. ئەو پزیشكە پێشووتر كتێبێكی لە سەر درووستكردنی ستراتیژێكی تاكەكەسی بۆ ڕێگری لە توڕەبوون نووسیوە.
لە كاتی توڕەبووندا ھۆڕمۆنەكانی ئەدریناڵین و كۆرتیزۆڵ دەڕژێنە نێو خوێن، ئەوەش دەبێتە ھۆی زیاد بوونی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و ئاستی شەكری خوێن.
ئەو وەڵامدانەوەی جەستە بۆ مرۆڤە دێرینەكان گرنگ بووە چونكە جەستەی ئامادەكردون بۆ ھێرشكردنە سەر ئەو بوونەوەرەی بێزاری كردوون. لە سەردەمی ئەشكەوتنشینی مرۆڤدا، ھەتا كەسێك تووڕەتر و ھێرشبەرتر بووبێت پشكی زۆرتری بەركەوتووە. سكۆت ویتزلەر جێگری بەشی پزیشكی دەروونی لە ناوەندی پزیشكی مۆنتیفیۆر لە نیویۆرك وای وتووە.
توڕەبوونی زۆر بۆ ئەو كەسانە مەترسیدارترە كە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیوكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن ھەیە، وەكوو ئەو كەسانەی یەكێك یان زیاتر لەمانەیان ھەیە: بەرزی فشاری خوێن، بەرزی ئاستی چەوری و زیانمەندی خوێن و جگەرە كێشان.
نەخۆشییەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن ھۆكاری یەكەمی مردنن لەم سەردەمەدا./.