بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیهود باراک سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ڕژێمی زایۆنیستی کە یەکێک لە نەیارە سەرەکییەکانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئەو ڕژێمەیە، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی:” ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە تا ئێستا هیچ دەسکەوتێکی لە هێرشی بەردەوامی سەر کەرتی غەززە نەبووە و بنیامین نتانیاهۆ دەبێت لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، لە بەر ئەوەی کە ناوبراو یەکەمین و دواهەمین کەسی تاوانبار و بەرپرسە لەم دۆسیەدا کە گەورەترین شکستی مێژووی ئیسرائیلە و هەروەها بەرپرسی شکست لە ئیدارەدانی شەڕەکەیە “.
ناوبراو وتی: ” نتانیاهۆ سەبارەت بە بەرەی فیلادلفیا درۆ دەکات، لە سەدا 80 ی قاچاخ لە مسرەوە بۆ کەرتی غەززە لە ڕێگای خاڵی سنوریی ڕەفەحەوە دەکرێت. نتانیاهۆ درۆ دەکات و فیلادلفیا هەڕەشەیەک بۆ یەحیا سینوار سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس نییە، بەڵکوو ئەوەی هەڕەشەی لە سەر دادەنێت، دامەزراوەیەکە کە لە جێی بزوتنەوەی حەماس ئیدارەی داهاتووی غەززە بکات “.
باراک وتی: ” سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن دەبێت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا داوا لە ئیسرائیلییەکان بکەن لە سەرجەم ناوچەکاندا پەنا بۆ مانگرتن و خۆپێشاندان ببەن و ئەو ناڕەزایەتییەش دەبێت تا ڕووخانی کابینەکەی نتانیاهۆ بەردەوام بێت “./.