بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولئەمیر ڕەبیهاوی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆژئاوای ئاسیا لە ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران وتی: لە ماوەی 5 مانگدا زیاتر لە 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار هەناردەمان بۆ عێراق هەبووە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 21 بەرزبوونەوەی هەبووە.
ناوبراو وتی: عێراق دراوسێیەکی ستراتژیک و گرنگە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ساڵانە دەگاتە 10 ملیار دۆلار.
ڕەبیهاوی وتی: لە 5 مانگی یەکەمی ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوی (20 ی ئازار تا 21 ی ئاب ی 2024) ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق گەیشتە نزیکەی 4 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار کە لەم ڕێژەیەش، پشکی هەناردەی ئێران زیاتر لە 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە وتی: ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لەو 5 مانگەدا بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو کە 3 ملیار و 508 ملیۆن دۆلار بووە، لە سەدا 21 بەرزبوونەوەی هەبووە و هیوادارین لە 6 مانگەی دووەمی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی بتوانین بگەینە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار.
ڕاشیگەیاند کە زۆرترین کاڵای هەناردەکراوی ئێرانی بۆ عێراق بریتین لە غازی شل، بەشەکانی پۆڵا، بەرهەمی جۆربەجۆری پترۆکیمیا، کەرەستەی بیناسازی و خۆراک و زۆرترین هاوردەش لە عێراق بۆ ئێران پاشماوەی ئاسن و ئەلمینیۆم و بەشێک لە بەرهەمە نەوتییەکان بووە./.