ڕەوەند مەلا مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، ڕایگەیاند: یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە تەواوی توانای خۆیەوە هەوڵی سەركەوتنی هەڵبژاردن دەدات، ئەمە لەكاتێكدایە هەندێك لایەن هەیە پێیانخۆش نییە لە ئێستادا هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام ئێمە وەك یەكێتی ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دەست پێدەكەین.
ناوبراو وتی: وەك یەكێتی پێمانوایە گەلەکەمان و هەرێمەكەمان پێویستی بە گۆڕانكارییە لە حكومڕانیدا و ئەو گۆڕانكارییانە درووست دەكەین.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتی: دیارە لە هەر هەڵبژاردنێك، هەر حیزب و لایەنێكی سیاسی هەوڵدەدات كارە باشەكانی خۆی پیشان بدات، زۆرجاریش ململانێكان وادەكات لایەنەكان خراپە و هەڵەكانی ئەوانیتریش پیشان بدەن، بەڵام ئەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەكرێت، گرنگ ئەوەیە ئەنجامەکە باش بێت و دیمۆكراسییانە بەڕێوە بچێت.
ڕوەند مەلا مەحمود وتی: ئێمە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان باوەڕمان وایە كە ئەم هەڵبژاردنە پاكتر دەبێت لە جاران و پەرلەمانی داهاتووی كوردستانیش ڕەنگاڵە دەبێت، قۆرخكاریی تێدا نامێنێت و حیزبی زۆرینە و كەمینەی تێدا كەم دەبێتەوە و نامێنێت.
باسی لەوەشكرد: هاوپەیمانێتی دوای هەڵبژاردن گرنگە بۆ ئەوەی بتوانرێت حكومەتێكی باش و خزمەتكار بۆ كوردستان پێكبهێنرێت، ئەو ململانێیانەش لە نێوان حیزبەكاندا هەیە بۆ باشتركردنی حكومەتەكە بەكاربهێنرێت و بۆ یەكتر شكاندنەوە نەبێت.
وتیشی: كارەكانی هەڵبژاردن تا ئێستا خراپ نییە و ئەو ململانێیانەش ئێستا هەیە، پێشتریش لە نێوان حیزبەكاندا هەر هەبووە، بەڵام ناگاتە ئەوەی كاری نەخوازراوی لێبكەوێتەوە كە لە زیانی هەرێمەكەماندا بێت./.