بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ پێنج شەممە 12 ی ئەیلولی 2024 مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لە لایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەی نێوان مەسعود پزیشکیان و نێچیرڤان بارزانی کە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، سەرۆکی هەریم سەردانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ هەولێر بە پیشاندەری بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی هەر دوو لا ناو بردووە.
نێچیرڤان بارزانی خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاوکاری هاوبەش لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرجەم بوارەکاندا پیشاندا و دووپاتیکردەوە کە گەلی کوردستان هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە لە پشتگیری و هاوکاری ئێران لە ڕۆژە سەختەکاندا دەڕوانێت.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتیکردەوە کە تاران بە بایەخ و گرنگییەوە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و خوازیارە پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا بەرەوپێش ببات و گرفت و بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندییەکان نەهێڵن./.